بەم رێگایانە چێژ لە برنج و قەیسییەکەی جەژن ببینن و تەندروستیش بن
رووداو دیجیتاڵ
جەژن بۆ زۆربەی هاونیشتمانییان واتە برنج و قەیسی و فاسۆلیاکەی بەیانیان، هەندێک دەڵێن ئەگەر بۆنی چێشت لە ماڵدا نەبێت و لەگەڵ ئەو بۆنەدا گوێیان لەدەنگی ئەڵڵاهوئەکبەری جەژن نەبێت، وا نازانن جەژنە، بەڵام چۆن جەژنێکی تەندروست بەسەرببەین و چێژ لە برنج و فاسۆلیاکەش وەربگرین.
لەگەڵ خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەی نزیکەی 15 کاژێری رۆژانە بۆ مانگێک، سیستمی خۆراکی هاونیشتمانییان رێڕەوێکی دیکەی وەرگرتووە، بۆیە گرنگە بزانین چۆن رۆژەکەمان دەستپێدەکەین.
لە رووداو دیجیتاڵ لە د. شێروان رەحمانەشەل نانەکەلی، پسپۆڕی فسیۆلۆجی و پزیشکی شارەزای گشتیمان پرسی، چۆن چێژ لە برنج و قەیسی و فاسۆلیا و سەردانی خزمان ببینین بە تەندروستییەکی باشەوە؟ ئەو کۆمەڵێک رێنوێنی هەبوون کە بەمشێوەیەن:
- ئەمشەو کە شەوی جەژنە، هەوڵبدە زوو کاروبارەکانت تەواو بکەیت و پێش کاژێر 10:00 بخەویت.
- پێویستە بەیانی خۆراکێکی سووک و سادە بخۆیت، ئەگەر گۆشت و چەوری و شلە و برنج بوو ئەوە تەنیا بڕێکی کەم بخۆ و هەندێک جووڵەش بکە دوای نانخواردن.
- هەوڵبدە زۆر دوور بیت لە خواردنی شیرینی، بە تایبەتی شیرینیی دەستکرد وەک چۆکلێت و لوقم و نەستەلە، هەروەها شەربەتی دەستکرد کەوا پڕ شەکری سپی دەستکردە. باشتر وایە میوەی تازە یان میوەی وشککراوە بەکاربێت لە شوێنی شیرینیی دەستکرد.
- جەژن یەکسان نییە بە خواردنی بڕێکی زۆر لە گۆشت و چەوری، بە تایبەتی سوورکراوەکان. بۆیە بڕێکی کەم چەوری کوڵاو یان برژاو زۆر تەندروستترە لە چەوریی زۆر.
- هەرگیز دوو سێ جۆر چێشت پێکەوە مەخۆ! وەک برنج و گۆشت، کفتە و بریانی و دۆڵمەو و شفتە و... خواردنی تەنیا یەک جۆر خۆراک تەندروستترە.
- لەکاتی نانخواردن پەلە پەل مەکە، جەژن سێ رۆژە و فریا دەکەویت، چونکە پێویستە خۆراکەکەت باش هەر ببێت.
- ئاو خواردنەوە زۆر پێویستە، زۆر تەندروستترە لە شەربەتی دەستکرد کەوا تەنیا رەنگ و بۆن و تۆزی تامە لەگەڵ شەکرێکی زۆر لەنێو ئاودا. شەربەتی لە ماڵەوە دروستکراو ئاساییە، هەروەها خواردنەوەی چا و قاوە ئاساییە ئەگەر شیرین نەبێت و لە چوار پێنج کوپی بچووک لە رۆژێکدا زیاتر نەبێت.