دواین ئاماری تەندروستیی ئێران: زیاتر لە 360 بنکەی تەندروستی و فریاکەوتن زیانیان بەرکەوتووە

رووداو - تەندروستی

دواین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەریدەخەن، زیاتر لە 360 ناوەندی تەندروستی، سەنتەری چارەسەر و توێژینەوە و بنکەی فریاکەوتن لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتووە.
 
د. محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران لەبارەی ئاگربەستەوە قسە دەکات و رایدەگەیێنێت، ئاگربەست دەرفەتێکە بۆ نۆژەنکردنەوە، ئامادەکاری و پێداچوونەوە بە رێنوێنییە تەندروستییەکان و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان.
 
بەپێی ئامارەکە، 26 کارمەندی تەندروستی و 257 ئافرەت و 220 کەسی خوار 18 ساڵ کوژراون. هاوکات هەشت نەخۆشخانەش بە تەواوی چۆڵ کراون.
 
مانگی سووری ئێران ئاشكرای کردووە، 48 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و ئەمبوڵانس لە سەرەتای هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا تێکشکێندراون.
 
ئەمەش بزانە
 
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوبات، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە و لەو ماوەیەدا چەندین جار پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کراونەتە ئامانج.
 
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران و مانگی سوور، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە زیاد لە دوو هەزار کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 25 هەزار کەس.