لە چین چارەسەرێکی بنبڕ بۆ فێ دۆزرایەوە

رووداو - تەندروستی

بۆ یەکەمجار پزیشک و پسپۆڕانی دەستەی چارەسەریی خانەیی و جێنەتیکیی شەنگەهای لە چین چارەسەرێکی نوێ بۆ فێ لەسەر مرۆڤ تاقیدەکەنەوە کە ئەمە دەبێتە یەکەم چارەسەری بنبڕی نەخۆشییەکە.
 
ئەم جۆرە چارەسەرییە لەسەر بناخەی خانە بنەڕەتییەکانەوەیە کە لە دواین تاقیکردنەوەیدا ئەمریکا و چین رێگەیان بە بەکارهێنانی بۆ مرۆڤ دا و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدا کاریگەرییەکانی چارەسەرەکە لەسەر مرۆڤ هەڵدەسەنگێندرێن.
 
د. چێن یوجون، توێژەری باڵا لە ئەکادیمیایی زانستیی چین دەڵێت: ئەم چارەسەرە دەمارەخانەی رێگریکار (Inhibitory Neurons) بەکاردەهێنێت کە گەیێنەرە دەمارییە رێگریکارەکان دەردەدەن. ئێمە بە دەرزی ئەو خانانە دەخەینە نێو ئەو بەشەی مێشک کە فێ گەشکە دروستدەکات. ئەمەش یارمەتیدەرە لە گەڕاندنەوەی کارایی ناوچەکە و بەدەستهێنانی کاریگەریی چارەسەرکردن.
 
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دوای وەرگرنی چارەسەرەکە دەتوانن لەماوەی 5 بۆ 7 رۆژدا نەخۆشخانە جێبهێڵن و سوودی درێژخایەن و تەنانەت هەمیشەییشی دەبێت.
 
ئەم چارەسەرییە موژدەیەکی گەورەیە بۆ نەخۆشانی ئەڵزهایمەر. یوو لانلین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای یونیکسێڵ بایۆتەکنەلۆژی لە شەنگەهای دەڵێت: ''هیوادارین بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای خانە بنچینەییەکان سوود بە ژمارەیەکی زیاتری نەخۆش بگەیێنین کە بەدەست پووکانەوە دەمارییەکانی مێشکیانەوە دەناڵێنن بەتایبەت ئەڵزهایمەر''.
 
کەی چارەسەرەکە بەردەست دەبێت؟
 
چارەسەرەکە رەزامەندیی تاقیکردنەوەی کلینیکی لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین وەرگرتووە و چاوەڕوان دەکرێت لە دەوروبەری ساڵی 2030 رەزامەندیی خستنەبازاڕی پێبدرێت. جگە لە نەخۆشیی فێ، ئەو پلاتفۆرمە تەکنەلۆژییەی کە چارەسەرەکەی لەسەر بنیاتنراوە، دەکرێت بۆ کۆمەڵێک تێکچوونی دەماریی دیکەش بەکاربهێندرێت وەکو (ئەڵزهایمەر و پارکینسن).
 
ئەمەش بزانە
 
فێ یەکێکە لە باوترین تێکچوونە مەترسیدارەکانی دەمان لەسەر ئاستی جیهان و نزیکەی 70 ملیۆن تووشبووی هەیە، لەنێویاندا 10 ملیۆنیان لە چینن. هەروەها 30٪ـی نەخۆشەکانیش تووشی ئەو جۆرە فێیە بوون کە بەرگریی بەرامبەر بە دەرمانەکان هەیە و بە دەرمانی ئاسایی باشتر نابێت.