پزیشكانی گەنج هانایان بۆ بەرنامەی دکتۆر ئاراس هێناوە؛ داوای دامەزراندن دەکەن
رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس بە شێوەی راستەوخۆ بە بەشداری زیاتر لە 150 پزیشکی گشتیی دانەمەزراو و پزیشکی نیشتەجێی خولاو پێشکێشکرا. پزیشکان داوای دامەزراندن دەکەن و بەهۆی ناڕێکیی سیستمی دامەزراندنیان و کەرتی تەندروستییەوە ''43٪ـی پزیشكانی دانەمەزراو بیریان لەوە کردووەتەوە کە بچنە دەرەوەی وڵات''.
دکتۆر ئاراس برادۆستی پرسیار دەکات و دەڵێ، ''کەی پزیشکانی گەنج دادەمەزرێندرێن؟'' د. ئومێد عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەبەری پێشووی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەڵێ، ئەمە وەڵامەکەی لای حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردنە. هەوڵمدا هەواڵێکی دڵخۆشکەرم دەستبکەوێت، بەڵام بەداخەوە نییە''.
د. ئومێد عەلی روونی دەکاتەوە کە بەدواداچوونی بۆ دامەزراندنی پزیشکانی گەنج کردووە و نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر. لەبەردەم پزیشکاندا پەیامێکی هەبوو و گوتی: ئەم کێشەیە بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی چارەسەر دەکرێت و تەنیا بڕیارێکی گرنگ و مێژوویی ئەوانی دەوێت.
تەنانەت ئەوەشی گوت کە دانەمەزراندنی پزیشکانی گەنج، واتە پەکخستنی زانستی پزیشكی، خوێندنی باڵای پزیشكی و کەرتی تەندروستی.
پزیشکانی دانەمەزراو چەند پرسێکیان لەنێو خۆیاندا تاوتوێ کردووە و لەنێو بەرنامەکە ئەنجامەکەیان ئاشکرا کرد؛
* 43٪ـی پزیشكانی دانەمەزراو بیریان لەوە کردووەتەوە کە بچنە دەرەوەی وڵات.
* 67٪ـی پزیشکانی دانەمەزراو تائێستا بێکارن.
* 11٪ـی پزیشکانی دانەمەزراو کە کاریان هەیە، لە دەرەوەی پیشەی پزیشكی کاریان دەستکەوتووە.
* 90٪ـی پزیشکانی دانەمەزراو لەگەڵ ئەوەدان کە دانەمەزراندنیان کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر دواکەوتن و وەستانی ئاسی زانستییان.
''دامەزراندنی پزیشکانی گەنج بەردەوامبوونی پڕۆسەی فێربوونیانە''
د. ئامانج عەبدوڵڵا، راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پزیشکان زیرەکترین چینی گەنجانن کە نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە و بوونەتە پزیشک و پزیشکییان تەواو کردووە، پێویستە لە وڵاتی خۆماندا خەونەکانیان بەدیبهێنین و رێگەیان لێبگرین کە کۆچ نەکەن بۆ دەرەوەی وڵات و لە وڵاتانی دیکە خزمەت نەکەن.
باسی ئەوەشی کرد، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا گۆڕانکارییان لە بابەتەکانی خوێندنی پزیشکیدا کردووە بۆ ئەوەی ئاستی خوێندنیان هاوتای سیستمە جیهانییە پزیشكییەکان بێت.
د. ئامانج روونی کردەوە، دامەزراندنی پزیشکانی گشتی بەردەوامبوونی پڕۆسەی فێربوونیانە نەک تەنیا دامەزراندن و کارکردن، هەروەها هەواڵێکی خۆشی بە دەرچووانی پزیشكی دا و گوتی: لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانمان هەیە، بۆردی کوردستانی فراوان بکەین، بە جۆرێک کە هیچ پزیشکێک نەمێنێتەوە بە بێ پسپۆڕی و هەمووان بتوانن ببنە خاوەنی پسپۆڕی.
ئەو راوێژکارەی خوێندنی باڵا رووی کردە پزیشکانی گەنج و گوتی: ئێمە پاڵپشتتانین، ئێوە بە تەنیا نین و ئێوە سەرمایەی وڵاتی ئێمەن، کاری جیدی دەکەین بۆ ئەوەی خەونەکانتان بێنەدی، هەرگیز دوودڵ مەبن لەوەی لە وڵاتی خۆتاندا بەردەوامبن لە کارکردن و تواناکانتان پەرەپێبدەن، داواشم لە وەزارەتی تەندروستی، خوێندنی باڵا، پلاندانان و کەرتی تایبەت و رێکخراو و سەندیکاکانیش هەیە کە هەمووان پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی چاکسازی و ریفۆڕم لەنێو کەرتی تەندروستیدا بکەین، تاوەکو بتوانین سیستمی تەندروستی پێشبخەین و ببێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە گەشەکردنی ئابووریی وڵات.
''هیچ کەسێک حەز ناکات وڵاتی خۆی جێبهێڵێت، بەڵام بێئومێدی و بێکاری خەڵک ناچار بەوە دەکات''
دکتۆر هۆنیا هەڵگورد، پزیشكی گشتیی دانەمەزراوی دەرچووی ساڵی 2025 دەڵێت: هیچ کەسێک حەز ناکات وڵاتی خۆی بەجێبهێڵێت و بچێتە وڵاتێکی دیکە خزمەت بکات، بەڵام هەندێکجار بەهۆی بێئومێدی، بێزاری و نەبوونی دەرفەتی کار خەڵک ناچار دەبێت روو لە وڵاتانی دیکە بکات. ئەم چوونەدەرەوەیەش هەنگاوێکی نوێیە بۆ کەسەکە کە دەبێت لە سەرەتاوە زمان بخوێنێت و چەندین رۆتینی خۆی لە سەرەتاوە دەستپێبکاتەوە کە زەحمەتە.
''دانەمەزراندنی پزیشکانی گەنج، بەجێهێشتنیانە لە نیوەی رێگەی فێربوون و پیشەکەیان''
دکتۆر رەهێڵ ئەحمەد، پزیشكی گشتیی دانەمەزراوی دەرچووی ساڵی 2025 دەڵێت: دانەمەزراندنی پزیشکان بە مانای بەجێهێشتنی پزیشکان دێت لە نیوەی رێگەدا، ئێمە دەمانەوێت پسپۆڕیی وردمان هەبێت و نامانەوێت لە نیوەی رێگەدا بەجێبمێنین، چونکە ئەمە وا دەکات ئیدی پسپۆڕ لەنێو نەخۆشخانەکان کەم ببێتەوە و خوێندن بۆ پسپۆڕی دوا بکەوێت کە کاریگەریی دەبێت لەسەر چارەسەر نەبوونی نەخۆش و وایلێدێت کە نەخۆش دەچێتە نەخۆشخانەکان، پسپۆڕی لێنەبێت چارەسەری بکات.
ناوچەی وا هەیە، تەنیا یەک پزیشکی لێیە بۆ هەزاران دانیشتوو
دکتۆر سەیفەدین جاسم، پزیشكی گشتیی دانەمەزراوی دەرچووی ساڵی 2025 گوتی، ''لە دهۆک 215 پزیشکی نیشتەجێی خولاو هەن، لە مانگێکدا 25 تا 26 رۆژ و هەر رۆژێکیش بۆماوەی هەشت کاژێر دەوام دەکەن، لە دهۆکەوە پزیشکی خولاو نێردراوە بۆ زاخۆ لەبەر ئەوەی هیچ پزیشکێکی خولاو لە زاخۆ نەبووە، ئەمەش بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشكانی گشتی. بەهەمان شێوەی ئەمەش لە ئاکرێ روویدا''.
ئەو باسی قەزای بەردەڕەشیش دەکات و دەڵێ، یەک نەخۆشخانەی لێیە و تەنیا یەک پزیشكی خولاو تێیدا دەوام دەکات.
''بەشێکی زۆری پزیشکان روو لە سەنتەرەکانی زمان دەکەن، بۆ ئەوەی زمانی دیکە فێربن و بچنە وڵاتانی دەرەوە''
دکتۆر شکۆ شێرکۆ، پزیشكی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەمە و میوانێکی بەرنامەکەیە، ئەو رایدەگەیێنێت: پار بەهەمان شێوەی ئەم ساڵ، تووشی قەیران بووین و دامەزراندنمان دواکەوت، هەر بەو هۆیەشەوە پزیشکێکی زۆر خۆیان لە سەنتەرەکانی زمان فێر دەکەن بەتایبەت ئەڵمانی، بۆ ئەوەی بچنە دەرەوەی وڵات و پیشەکەیان جێبەجێ بکەن.
''پزیشکان لە ئەڵمانیا هەر لەگەڵ دەستپێکیان لە کۆلێژی پزیشكی، حکومەت مانگانە مووچەیان پێدەدات''
د. ئەحمەد نامیق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە لە ئەڵمانیاوە بە راستەوخۆ بەشداری بەرنامەکە بوو و باسی رێکارەکانی حکومەت لەگەڵ پزیشکانی گەنج دەکات و دەڵێ: پزیشکان لە ئەڵمانیا هەر لەگەڵ دەستپێکیان لە کۆلێژی پزیشكی حکومەت مانگانە مووچەیان پێدەدات کە 500 یۆرۆیە (250 یۆرۆ وەکو دیاری) و (250 یۆرۆ وەکو قەرز دوای دامەزراندنیان لێیان وەردەگیرێتەوە).
ئەو روونی دەکاتەوە، ئەم جۆرە سیستمەی (ئەڵمانیا)ش بەستنەوەی ئەو خوێندکارە پزیشکییەیە بە وڵاتەکە و وایلێدەکات کە هەر لە خوێندنی پزیشكییەوە ئەو کەسە بە تەواوەتی خۆی تەرخانبکات بە خزمەتکردنی وڵاتەکەی (ئەڵمانیا) کە پزیشکانیش پێیان خۆشە، چونکە ژیانیان دابینکراوە و پشتگیری دەکرێن.
ئەوەشی باس کرد کە پزیشکانی کوردی دەرەوەی وڵات زۆر حەز دەکەن بێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و خزمەت بە کەرتی تەندروستیی کوردستان بکەن، بەڵام بۆیان رێک ناکەوێت.
''زۆرترین ماوەکانی دەوامکردن و چاودێریکردنی نەخۆش بەر پزیشکانی گەنج کەوتووە''
د. ئومێد عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەبەری پێشووی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەڵێت: تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکیی گشتی بەس نییە بۆ ئەوەی پزیشكێک پێبگەیێنێت و ئیدی پشتی پێببەسترێت، بەڵکو ئەوە لانیکە 10 ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی ئەزموون و لێهاتوویی کەسەکە لەنێو پیشەکەدا رەنگبداتەوە و نەخۆش و کۆمەڵگەش سوود لەو پزیشکە ببینن.
ئەوەش باس دەکات کە لەنێو کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان، لەکاتی فریاکەوتن و زۆرترین ماوەکانی دەوامکردن، بەر پزیشکانی خولاو و گەنج کەوتووە. تەنانەت چاودێریکردنی نەخۆش و بەڕێوەبردنی قاوشەکانی نەخۆش لەسەر دەستی پزیشکانی گەنج بەڕێوەدەچێت.
ئەمەش بزانە
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ لە هەرێمی کوردستان بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی 2024، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە و دەرچوون کە هەموویان دوای ساڵێک دامەزران؛ ساڵی رابردووش 663 پزیشک دەرچوون و تائێستا هیچیان دانەمەزراون.
روونکردنەوە؛ هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵند. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان بگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2025 دانەمەزراون، ئەوا پزیشکانی خولاو ناتوانن پلەیان بەرز بکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.