ماریا ڤان: هانتاڤایرۆس کۆڤیدی داهاتوو نییە
رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا (CDC) رایدەگەیێنێت، سەرباری گیانلەدەستدانی لانیکەم 3 کەس و تووشبوونی ژمارەیەکی دیکە بە هانتاڤایرۆس لەنێو کەشتییەکی گەشتیاریدا، بەڵام مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە "زۆر کەمە".
CDC رایگەیاند حکومەتی ئەمریکا چاودێریی وردی دۆخەکە دەکات و کاری لەپێشینەی، گەڕاندنەوەی سەلامەتی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەیە کە لەنێو کەشتییەکەدان، بڕیارە ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە کەشتییەکەدا بەرکەوتنیان لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا هەبووە، لە یەکەی کەرەنتینی نیشتمانی لە زانکۆی پزیشکیی نێبراسکا کەرەنتین بکرێن.
هەروەها CDC تیمی پسپۆڕی پەتاناسی و پزیشکیی رەوانەی دوورگەکانی کەناری کردووە، کە بڕیارە کەشتییەکە لەوێ لەنگەر بگرێت، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ مەترسیی بەرکەوتنی هەر یەکێک لە گەشتیارە ئەمریکییەکان بکەن.
هانتاڤایرۆس، لە رێگەی مشک و جرجەوە دەگوازرێتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر سییەکان یان گورچیلە دەبێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت تاوەکو رۆژی چوارشەممە 8 کەس تووشبوون کە 5 کەسیان بە پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاستکراونەتەوە و 3 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.
ماریا ڤان کێرکۆڤ بەڕێوەبەری ئامادەکاری بۆ پەتا و پەتای گشتگیر لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەڵێت: "ئەمە هاوشێوەی کۆڤید نییە، بەڵام ڤایرۆسێکی گوازراوەی مەترسیدارە".
بەگوێرەی CDC، رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی هانتاڤایرۆسەوە لە 1% بۆ 15% دەستپێدەکات و لە هەندێک حاڵەتی سەختدا دەگاتە 35%.