پسپۆڕێکی بۆماوەزانی: چارەسەری بنبڕی تالاسیمیا دۆزراوەتەوە بەڵام تێچووی زۆرە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی بۆماوەزانی رایدەگەیێنێت، تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەییە و باشترین رێگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی، خۆپاراستنە لە رێگەی پشکنینی پێش هاوسەرگیری.
 
ئەمڕۆ شەممە 9-5-2026 د. ناسر گەیلانی پسپۆڕی بۆماوەزانی لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی، تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەییە و لە ئەنجامی بازدانێکی جین لە خرۆکە سوورەکانی خوێندا دروست دەبێت و چارەسەریی بنبڕی نییە، بۆیە باشترین چارەسەر خۆپاراستنە، واتە پێش هاوسەرگیری ئەو کەسانەی هەڵگری تالاسیمیان هاوسەرگیری نەکەن."
 
ئەو پسپۆڕەی بۆماوەزانی جەختی کردەوە، ئەو کەسانەی هەڵگری نەخۆشییەکەن، پێویستە راوێژی بۆماوەیی بکەن و گوتیشی، "هەڵگرانی تالاسیمیا تەنیا هەندێک جار تووشی کەمخوێنی دەبن، ئەگەرنا هیچ کێشەیەکی دیکەیان نابێت."
 
د. ناسر گەیلانی ئاشکرای کرد، "چارەسەری نەخۆشیی تالاسیمیا ئێستا لە رێگەی گۆڕینی جیناتەوە دەکرێت و نەخۆشییەکە بنبڕ دەبێت، تەنیا کێشە ئەوەیە کە خەرجییەکەی زۆرە، بەڵام ئێستا وردە وردە تێچووەکەی کەم دەبێتەوە."