یەکەم چارەسەری مەلاریا بۆ منداڵانی ساوا پەسند کرا
رووداو - تەندروستی
یەکەم چارەسەری مەلاریا بۆ منداڵانی ساوا لەلایەن لیژنەی تەندروستیی سویسرا پەسندکرا، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو لە ئەفریقا بەکاربهێندرێت.
تائێستا هیچ چارەسەرێکی تایبەت بەو منداڵانەی کە کێشیان کەمترە لە 4.5 کیلۆگرام نەبووە، تووشبووان چارەسەری منداڵانی گەورەتریان بەکاردەهێنا بۆ منداڵانی ساوا ئەوەش مەترسیی دەخستە سەر تەندروستییان، چونکە بڕەکەی بۆ منداڵی ساوا زیاد بوو.
چارەسەرەکە ناوی (Coartem)ـە و لە لایەن کۆمپانیای نۆڤارتیسی سویسری بەرهەم دەهێندرێت. بەگوتەی کۆمپانیاکە، بە کەمترین نرخ دەخرێتە بازاڕ بۆ ئەوەی وڵاتانی کەمداهات سوودی زۆری لێببینن.
د. مارڤیڵ براون، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هیرتفۆرشایر لە ئینگلاند گوتی، "ئەمە وەکو پێشکەوتنێکی گرنگە بۆ پاراستنی منداڵانی تازەلەدایکبوو''، گوتیشی، منداڵانی خوار پێنج ساڵان زۆرترین ئەگەری مردنیان بە نەخۆشییەکە هەیە.
بە پێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ژمارەی قوربانییانی نەخۆشیی مەلاریا لە ناوچەکانی باشووری ئەفریقا و وڵاتە کەمداهاتەکان زۆرە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 75٪یان منداڵی تەمەن خوار پێنج ساڵانن، هاوکات تەنیا لە ساڵی 2023 دا لە جیهاندا نزیکەی 597 هەزار کەس بە مالاریا گیانیان لەدەستداوە.