لە هەرێمی کوردستان پیسبوونی هەوا بەردەوامە و هۆشداری دەدرێت
رووداو - تەندروستی
ساڵانە تادێت ژمارەی ئۆتۆمبێل و پیسکەرەکانی هەوا زیاد دەبن، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل هەن، بە نزیکەیی هەر سێ کەسێک، ئۆتۆمبێلێکی بەردەکەوێت.
دووکەڵی ئۆتۆمبێل، سووتاندنی نازانستی پاشماوە، کەمبوونەوەی سەوزایی و فڕێدانی زبڵ پیسبوونی هەوا و وشکەساڵییان بەدواداهاتووە.
بەراوردکاریی نێوان هەوای هەولێر، سلێمانی و دهۆک
لە سەرەتای ئەم راپۆرتە دیمەنی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 7ـی ئاب لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەبینن کە هەردوو شارەکانی هەولێر و سلێمانی، پیسبوونی هەوا وەکو هەورێکی رەش ئاسمانەکانیانی تەنیوە.
بەگوێرەی سەرچاوەی نێودەوڵەتیی IQAir، رێژەی تەنۆلکە پیسکەرەکانی هەوا لە هەمان ئێوارە لە هەولێر 11.3 مایکرۆگرام/مەترسێجایە کە مامناوەندە و لە سلێمانی 19 مایکرۆگرام/مەترسێجا کە ئەویش هەر مامناوەندە، لە دهۆک چونکە هیچ پێوانەیەک نییە، بەراوردمان کردووە بە بەغدا و لە پایتەختی عێراق رێژەکە بەرز بووەتەوە بۆ 23 مایکرۆگرام/مەترسێجا کە نزیک بووەتەوە لە رێژەی نائاسایی، بەڵام هەر مامناوەندە.
''پیسبوونی هەوا رێخۆشکەرە بۆ شێرپەنجە''
نەخۆشخانەی هیوایە لە سلێمانی، ئەمساڵ زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی شێرپەنجە لەو پارێزگایە تۆمار کراون، پسپۆڕێکی نەخۆشخانەکە دەڵێت، پیسبوونی هەوا رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە چەندین شێرپەنجەی جیاواز.
د. شاڵاو حەمەعەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت: پیسبوونی هەوا بۆ بەشێکی شێرپەنجەکان کاریگەریی هەیە، هەندێکیشی هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی شێرپەنجەکەیە، بەتایبەت شێرپەنجەکانی کۆئەندامی هەناسە وەکو سییەکان و قوڕگ.
پیسکەرەکانی هەوا نەک تەنیا لەڕێگەی هەناسەدانەوە، بەڵکو بە بەرکەوتن و تێکەڵبوون لەگەڵ خاک و ئاو دەشێت تێکەڵ بە خۆراکەکانی مرۆڤ ببن و بچنە نێو جەستەی.
ئەو مادە ژەهراوییانەش کە چوونە نێو جەستەوە کورتخایەن و درێژخایەن دەبنە هۆی چەندان نەخۆشی.
''پیسبوونی هەوا لەبیرچوونەوە پێش دەخات و بەساڵاچووان لە مەترسیدان''
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی زانکۆی کامبریج کە لەسەر 30 ملیۆن کەس کراوە، هەوای پیس تەنۆڵکەی وا بچووکی تێدایە کە زیان بە خانەکانی مێشک دەگەیێنێت و لەبیرچوونەوە پێش دەخات، بەتایبەت بەساڵاچووان.
د. نەسرەو مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێت، ''لەبیرچوونەوە لە زۆر تەمەندا روودەدات، بەتایبەت لە بەساڵاچووان حاڵەتی ئەڵزهایمەر زۆر باوە، بەوە دەناسرێتەوە کە یادگەی کەسەکە تێکدەچێت و زۆرجار بەشێوەی وردە وردە تێکدەچێت و خێزان هەستی پێدەکات، زۆرجار دۆخی دەروونیشیان تێکدەچێت، تووڕەدەبن و دەشڵەژێن، یاخود خەویان کەم دەبێت، زۆرجار پێویستیان بە راوێژی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەبێت''.
بەپێی وەزارەتی پلاندانان، 4.4٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان سەروو 65 ساڵانن. تەنانەت لە سەرووی 50 ساڵیشەوە، ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زۆرە، بەتایبەت ئەوانەی لە هەوای پیس و ژینگەی جەنجاڵدا دەژین.