دەرمانێکی 'هاوشێوەی ڤیاگرا' بۆ خانمان دروستدەکرێت
رووداو - تەندروستی
بڕیارە دەرمانێکی نوێی گیایی بە ناوی ''ڤیاگرای خانمان'' بخرێتە بازاڕەوە و تیمێکی دروستکەری دەرمانەکەش دەڵێت: توانای سێکسیی خانمان زیاد دەکات بەتایبەت لەدوای 50 ساڵی.
د. لۆنا وێر، پسپۆڕی بایۆلۆژی لە نیوزلاند و تیمێکی دروستکەری دەرمانەکە دەڵێت، دەرمانەکە شێداری بە جەستە دەدات، ئەمەش سووڕی خوێن و هۆرمۆنەکان زیاتر رێکدەخات کە هاوکارن لە باشترکردنی ئارەزوو و توانای سێکسیی خانمان.
د. وێر ئاماژە بەوەش دەکات، دەرمانەکە گیاییە و بەتایبەت یارمەتیی خانمانی سەروو 50 ساڵان دەدات کە چێژ لە سێکس ببینن، چونکە نیشانەکانی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە کەم دەکاتەوە.
دەرمانەکە لەلایەن کۆمپانیای Weir Scienceـەوە بەرهەم دەهێندرێت و پێشبینی ئەوە دەکرێت، فرۆشی لە ساڵێکدا بگاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار.
بەپێی کۆمپانیاکە، دەرمانە گیاییەکە لەلایەن FDAـی ئەمریکییەوە لە پڕۆسەی تۆمارکردندایە. ئێستاش دوو دەرمانی دیکە بۆ ئەو مەبەستە بەردەستن کە کیمیایین و پەسندیش کراون بە ناوەکانی Flibanserin و Bremelanotide.
بەپێی مایۆکلینیک، بۆ زیادبوونی توانای سێکسیی خانمان ئەمانە بکرێن؛
- کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی رۆژانە.
- بوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هاوژینەکەیان.
- لێکتێگەیشتنی نێوان هاوژینان بۆ کات و ئاوەزی سێکس.
- پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست.
- وەرزش