بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ خانمانی دووگیان باشترە بەسەر لای چەپدا بخەون
رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس باسی دڵەزێ بوو، دوو مێزی پڕ لە خۆراک لەنێو ستۆدیۆ دانراوە کە پڕن لەو خۆراکانەی دڵەکزێ دروست دەکەن و مێزێکی دیکەش ئەوانەن کە سەلامەتن و دڵەکزێ دروست ناکەن.
د. وارڤین لوقمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ باسی ئەو خۆراکانە دەکات کە دڵەکزێ دروست دەکەن وەکو 'قاوە، چا، خواردنەوە گازییەکان، شوکولاتە، چپس، خۆراکە تیژەکان و خۆراکە لەقوتوونراوەکان، خۆراکە خێراکان، پرتەقاڵ و لیمۆ'.
د. وارڤین ئاشکرای دەکات، خانمانی دووگیان باشترە بەلای چەپدا بخەون، چونکە پەستانی کەمتر لەسەر گەدە دروست دەکات.
د. شناو عەبدولوەهاب هەورامی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون لەبارەی خانمانی دووگیانەوە دەڵێت: گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکان وادەکات زیاتر تووشی دڵەکزێ ببن، هەربۆیە پێشنیاز دەکات، زوو زوو خۆراک بخۆن، بەڵام بە بڕی کەم. تەنانەت دووریش بکەونەوە لە خۆراکە هاندەرەکانی دڵەکزێ و پێش سێ کاژێر لە خەوتنیان هیچ خۆراکێک نەخۆن.
د. شناو و د. وارڤین کۆکن لەسەر ئەوەی، هەر کەسێک دڵەکزێی هەبوو، نابێت سەرینی خەوتنی نزم بێت و باشترە نیوەی بەشی سەرەوەی جەستەی بەرز بێت، تەنانەت دەبێت مل و پشتیشی هەر بەرز بێت.
د. رێبەر عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر میوانێکی دیکەی بەرنامەکەیە و دەڵێت: هەر کەسێک پێنج جار بەسەر یەکەوە تووشی دڵەکزێ بوو، پێویستە سەردانی پزیشک بکات. پیاوێکیش هاتووەتە ستۆدیۆ کە کێشەی دڵەکزێی هەبووە و بەتەمابووە بچێتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، بەڵام لە کورستان چارەسەری بۆ کراوە و چیرۆکی خۆی باس دەکات.