تەندروستی هەڵەبجە: رێژەی تووشبوون بە سکچوون لە پارێزگاکە ئاساییە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، بەدواداچوونیان بۆ چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە سکچوون لە هەڵەبجە کردووە و دەرکەوتووە، رێژەکە ئاساییە و هیچیان نەخۆشییەکی جیدییان نەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 9-9-2025 فەرحان حەمەخان، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، پشکنینیان بۆ ئاوی ئەو گەڕەکانە کردووە کە تووشبووەکانی تێدا تۆمار کراون و هیچ ئەنجامێکی مەترسیدار دەرنەکەوتووە، بەڵکو تەنیا ژەهراویبوون بووە بە خۆراک.
هەر ئەمڕۆ ئەکرەم محەممەد ئاغا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، ''لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا 28 تووشبووی سکچوون لە فریاکەوتنی هەڵەبجە تۆمار کراون، 20ـیان راستەوخۆ نێردراونەتەوە ماڵەوە و هەشتیشیان کە بە تووندی هەیانبووە، چارەسەریان بۆ کراوە و خەوێندراون و دوای ماوەیەک رەوانەی ماڵەوە کراون''.
ئەکرەم محەممەد دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان کە هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە و بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئاوی پارێزگاکە و هەموو رێوشوێنێکی رووبەڕووبوونەوەی کۆلێراشیان ئامادەیە.