کۆمەڵەی ئەورووپیی نەخۆشییەکانی دڵ: لە هیچ دۆخێکدا ڤەیپ سەلامەت نییە
رووداو - تەندروستی
لە نوێترین کۆنگرەی کۆمەڵەی ئەورووپیی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئیسپانیا باسی ڤەیپ کرا و ئاشكرا دەکرێت کە ڤەیپ بە هەر بڕێک و بە هەر شێوەیەک بکێشرێت، بێزیان نییە و نابێت بکرێتە جێگرەوەیەکی سەلامەتی جگەرە.
لەنێو کۆنگرەکە باسی ئەوەش کراوە، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا رێژەی ڤەیپکێشان لەنێو گەنجاندا 11٪ بەرزبووەتەوە و 32٪ مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشکیشی لەنێویاندا زیادکردووە.
پڕۆفیسۆر د. ماجا لیزا لە زانکۆی باکووری نەرویژ لەنێو کۆنگرەکە بەشداربووە و دەڵێت: نزیکەی 15 ساڵە ڤەیپ کەوتووەتە بازاڕەوە و تائێستا زیاتر لە 15 هەزار توێژینەوەی لەسەر کراوە کە هەموویان دەریدەخەن، ڤەیپ سەلامەت نییە.
لەو کۆنگرەیە ئاماژە بە توێژینەوەیەکی گۆڤاری نیو ئینگلاند کرا کە باسی ئەوە دەکات، ڤەیپکێشان دەشێت چەندان زیان بە دڵ و مێشک بگەیێنێت کە چاکبوونەوەیان نەبێت، بەتایبەت لەنێو منداڵ و نەوجەوانان.
بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکی و تەندروستییە جیهانییەکان دەکرێت ڤەیپ ئەم کاریگەرییانەی هەبێت؛
- زیادبوونی خوێنبەربوونی پووک و زەردبوونی ددانەکان
- هێلکەدانەکان و شێوەی سپێرم تێکدەدات و هۆکارێکە بۆ نەزۆکی
- کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی
- تێکچوونی سووڕی مانگانە و ئاستی هۆرمۆنەکان
- لەبیرچوونەوە لەنێو گەنجاندا زیاددەکات
- بەرزەپەستانی خوێن و گرژبوونی ماسوولکەکان
- شێرپەنجە
- کەمبوونەوەی درەوشانەوەی پێست و زیادبوونی چرچولۆچی؛ خوێن کەمتر دەڕوات بەرەو پێست
- هەڵوەرینی قژ؛ لوولە وردەکانی خوێن لە سەر و سەلکی مووەکان تەسک دەبنەوە