پسپۆڕێک: لەمەودوا لەجیاتی پلاستیک، شووشە و ئیستیل بەکاربهێنرێن
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی جیۆکیمیای ژینگەیی رایدەگەیێنێت، مادە پلاستیکییەکان بەپێی تێپەڕبوونی کات ورد و خاش دەبن و پاشان شیدەبنەوە بۆ وردەپلاستیک، بەڵام کاتێک بەر گەرمییەکی زۆر دەکەون، ئەمە خێراتر دەبێت.
رۆشنا عەلی حەمەڕەشید، ماستەر لە جیۆکیمیای ژینگەیی روونی دەکاتەوە، ئەو پلاستیکەی رۆژانە لە کەلوپەلە سەفەرییەکاندا بەکاردێت، بەر گەرمییەکی زۆر دەکەون و مادەی وردەپلاستیکیان لێدەردەپەڕێتە نێو ئەو ئاو و خۆراکەی کە تێیاندایە.
رۆشنا عەلی دەڵێت: بە رێژەیەکی زۆر پلاستیکەکان مادەی پۆلیمەر، فتالێت، بیسفینۆڵ ئەی و PBDEـیان تێدایە کە شیبوونەوەیان مەترسیی جیدی دروستدەکەن. لە زۆرینەی لێکۆڵینەوەکاندا وردەپلاستیک لە (پیسایی، بەڵغەم، لیک، خوێن، بۆڕیی هەناسە و ئەندامەکانی دیکەی جەستە)دا دۆزراوەتەوە.
ئەوەش باس دەکات، ئەگەر کەسێک بڕی 39 بۆ 52 هەزار وردەپلاستیک لە ساڵێکدا بچێتە جەستەیەوە ئەوا دەشێت تووشی چەند مەترسییەک ببێتەوە وەکو؛
- هەوکردنی ریخۆڵەکان
- کەمبوونەوەی بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵە
- هەوکردنی کۆڵۆن
- تووشبوون بە ڤایرۆسەکان
- نەخۆشیی سییەکان
- گیرانی لوولەکانی خوێن
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ
- کێشەکانی سکماکیی کۆرپەلە
- شێرپەنجە
لەبارەی شێرپەنجەوە، بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە لەسەر شێرپەنجە IARC: کانزاکانی کڕۆم، کادمیۆم، ئارسنیک و قوڕقوشم کە لە بەرهەمهێنانی پلاستیکدا بەکاردەهێندرێن، رێخۆشکەرن بۆ شێرپەنجە.
چەند رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک
- هەوڵ بدرێت جێگرەوەکانی پلاستیک بەکاربهێندرێن کە پێیان دەڵێن ''بایۆپلاستیک''.
- دایباب بتڵی شووشە بۆ منداڵی ساوا لەبری بتڵی پلاستیکی بەکاربهێنن.
- هیچ پلاستیکێکی یەکجاربەکارهێنراو بەکارنەهێندرێت وەکو (کووپ، قاپ، پەرداخ، کەوچک و چنگاڵ) بەڵکو جێگرەوەکانیان وەکو شووشە و ئیستیل بەکاربهێندرێت.
- دایباب بتڵی ئاوی ئیستیل لەبری بتڵی ئاوی پلاستیک بۆ منداڵەکانیان بکڕن تاوەکو بیبەن بۆ قوتابخانە.