د. سەنگەر جاف: ڤەیپەکان مادەی وایان تێدەکرێن کە ئالوودەبوون زیاد دەکەن و مەترسیدارن
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی و مامۆستای زانکۆ لەبارەی مەترسییەکانی ڤەیپەوە دەڵێت، توێژینەوەکان ئەو بانگەشەیان بەهەڵە خستووەتەوە کە ڤەیپ سەلامەتترە لە جگەرەی ئاسایی، بەڵام بازرگانەکان هێشتا خەریکی بانگەشەی ئەو هەڵەتێگەیشتنەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-10-2025 د. سەنگەر محەممەد جاف، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی و مامۆستای زانکۆ لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، ڤەیپکێشان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو زۆر زیادیکردووە و منداڵ و نەوجەوانان قوربانیی سەرەکین.
د. سەنگەر جاف ئاشکرای دەکات، ڤەیپ مادەی وای تێدایە کە هاوشێوەی تووتن دروستکراوە، بەڵام زیانی چەندینجار زیاترە، چونکە دەکرێت پێکهاتەی دیکەی وایتێبکرێت کە ئالوودەبوون زیاد بکات و زیانەکانی بشاردرێنەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکی و تەندروستییە جیهانییەکان دەکرێت ڤەیپ ئەم کاریگەرییانەی هەبێت؛
- زیادبوونی خوێنبەربوونی پووک و زەردبوونی ددانەکان.
- هێلکەدانەکان و شێوەی سپێرم تێکدەدات و هۆکارێکە بۆ نەزۆکی.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی.
- تێکچوونی سووڕی مانگانە و ئاستی هۆڕمۆنەکان.
- لەبیرچوونەوە لەنێو گەنجاندا زیاددەکات.
- بەرزەپەستانی خوێن و گرژبوونی ماسوولکەکان.
- شێرپەنجە.
- کەمبوونەوەی درەوشانەوەی پێست و زیادبوونی چرچولۆچی؛ خوێن کەمتر دەڕوات بەرەو پێست.
- هەڵوەرینی قژ؛ لوولە وردەکانی خوێن لە سەر و سەلکی مووەکان تەسک دەبنەوە.