توێژینەوەیەک هۆشداری بە کابانی ماڵ دەدات؛ مادەیەکی پاککەرەوە تووشی پارکینسنتان دەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێی ئاژانسێکی فەرمیی ئەمریکا دەریدەخات، بەرکەوتنی زۆر بەو مادەیەی لەنێو چەوریلابەرەکاندا هەیە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی پارکینسن زیاد دەکات.
 
توێژینەوەکە لەلایەن ئاژانسی پاراستنی ژینگە لە ئەمریکا EPA کراوە و دەرکەوتووە، ئەوانەی رێژەی مادەی کیمیایی TCEـیان زۆر بەرکەوتووە، 10٪ زووتر و خێراتر نیشانەکانی نەخۆشیی پارکینسنیان لەسەر دەرکەوتووە.
 
ئەو توێژینەوەیە لەسەر 221 هەزار و 789 کەس کراوە. بریتانی کریزانۆڤسکی، توێژەری ئاژانسەکە دەڵێت: گرنگە رێکاری گونجاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی مادە کیماییە پاککەرەوەکان بگیرێتەبەر، بەتایبەت بۆ خانمان، چونکە ئەوان نەوەی داهاتوو بەرهەم دەهێنن.
 
تەنانەت توێژەرانی پەیمانگەی مێشک و دەماری بارۆوی ئەمریکی، مادە پاککەرەوەکانی دیوار، کاشی و شووشەش مادەی وایان تێدایە کە هۆکارن بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی پارکینسن.
 
نەخۆشیی پارکینسن چییە؟
 
بەگوێرەی دامەزراوەی پارکینسن، لە جیهاندا زیاتر لە 10 ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکە هەن.
 
بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، پارکینسن نەخۆشییەکە کە دەمارەخانەکانی کەسی تووشبوو دەپووکێنەوە، بەهۆی ئەوەی ئاستی دۆپامین لە جەستەدا کەم دەبێتەوە یاخود نامێنێت، باوترین نیشانەشی بریتییە لە 'پووکانەوە ماسوولکەکان، لەرزین، ناڕێکیی جووڵە و بیرکردنەوە و تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی'.