لە ئەمریکا یاسا بۆ قەدەخەکردن و کەمکردنەوەی خۆراکە ئامادەکراوەکانی قوتابخانەکان جێبەجێ دەکرێت

رووداو - تەندروستی

بڕیارێکی نوێی ویلایەتی کالیفۆڕنیا ئەوەیە کە خۆراکە ئامادەکراو و لەقوتوونراوەکان نەدرێن بە قوتابییان و لەبری ئەوانە، خۆراکی تازە، سەوزە و میوەیان پێبدرێت.
 
مایکڵ زۆرچنەر، راهێنەری خۆراکیی قوتابییان لە قوتابخانەی مۆرگان هیڵ دەڵێت: ''پڕۆژەیاسای 1264 ئەو خۆراکە ئامادەکراوانەی دیاریکردووە کە لەسەر بنەمای زانست رێگەپێنەدراون، پێشنیازیش بە خوێندنگەکان دەدات کە ئەو خۆراکانە بکڕن کە پێکهاتە زیانبەخشەکانی نێو خۆراکە ئامادەکراوەکانیان تێدا نییە''.
 
خۆراکە ئامادەکراوەکان، ئەوانەن کە شەکر، خوێ، مادەی پارێزە و رەنگیان تێدەکرێت تاوەکو بەتام بن و بڕازێندرێنەوە و بۆ ماوەیەکی زۆریش بمێننەوە، بەڵام ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی و لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر تەندروستی دروستدەکەن.
 
لاوڕا سکمیت، یاساناسی بواری خۆراک دەڵێت: ''ئێمە دەزانین کە خۆراکە ئامادەکراوەکان دەبنە هۆی قەڵەوی، قەڵەویش دەبێتە هۆی هەموو جۆرە لێکەوتەیەکی تەندروستی وەکو شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ. بۆیە تاوەکو زیاتر خۆراکی تەندروست بخەینە بەردەم منداڵان، باشترە. ئەوەش لەڕێگەی ئەم یاسایەوە دەبێت کە خەریکە جێبەجێ دەبێت''.
 
بەپێی تەندروستیی کالیفۆڕنیا، دەبێت تاوەکو تەممووزی 2029 هیچ خۆراکێکی ئامادەکراو لەنێو قوتابخانەکان نەمێنن. ئەمەش بە قۆناخێکی گرنگ دادەنێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی، چونکە زیاد لە 40٪ـی ئەمریکییەکان قەڵەون.