دیڤچوون؛ خواردنەوە وزەبەخشەکان بە بێسنووری بە منداڵ و نەوجەوانان دەفرۆشرێن و دۆخەکە مەترسیدارە!
رووداو - تەندروستی
خواردنەوەی وزەبەخش لەنێو نەوجەوان و گەنجاندا زیادبووە و دووکاندارێک دەڵێت، ئێستا خواردنەوەی وزەبەخش لە شەربەت و خواردنەوەی گازی زیاتر دەفرۆشرێت. پسپۆڕێکیش دەڵێت: ''خواردنەوەی وزەبەخش دەبێتە هۆکاری کۆمەڵێک نەخۆشی و زیانی لاوەکی''.
خواردنەوە وزەبەخشەکان ئێستا مۆدێلترین جۆری خواردنەوەی نێو گەنجان و کەسانی خوار 18 ساڵن، بەجۆرێک مارکێتێک نییە لە هەرێمی کوردستان کە پڕ نەبێت لە ناو و بڕاند و رەنگ و تامی جیاوازی خواردنەوەی وزەبەخش.
ئالوودەبوویەکی خواردنەوەی وزەبەخش کە نەوجەوانێکە دەڵێت: ''هەر ساڵێک دەبێت دەیخۆمەوە، رۆژانە دانەیەک یان دوو دانە دەخۆمەوە بە 500 دینار دەیکڕم، ئەو جۆرانەی بە 500 دینارن بۆیە دەیانکڕین چونکە پارەمان نییە بچین وەک منداڵە دەوڵەمەندەکان ئەوانەی بە 3 یان چوار هەزارن بخۆینەوە''.
عەبدوڵا سەڵاحەدین، خاوەنی مارکێتێکە و گوتی، ''خێری دووکانەکەم لەسەر ئەو منداڵانەیە، زیاتر خواردنەوەی وزەبەخش سەرف دەبێت، ئێستا هێندەی ئەوانە دەفرۆشرێت شەربەت، پیپسی و فانتاش ناڕۆن''.
لە هەرێمی کوردستان 38 کۆمپانیا خواردنەوەی وزەبەخش هاوردە دەکەن، بەڵام تەنیا 10 کۆمپانیا بە فەرمین و ئەوانیدیکە قاچاخن؛ خاوەن کۆگەیەک ئاشكرای دەکات، ''هەموو خواردنەوە وزەبەخشەکان ئەگەر بێت و رۆژێک نەبێت تەلەفۆن مێشکمان دەخوات، لۆ نەما لۆ نییە! خەڵک زۆر ئالوودەیان بووە''.
کە لەنێو بابەتی خواردنەوە وزەبەخشەکان قووڵبووینەوە دوو شت سەرنجی منی زۆر راکێشا ئەویش نرخی دوو جۆر خواردنەوەی وزەبەخشن کە نرخی کۆیان یەکیان سێتەکەی 30 دانەی تێدایە و بە شەش هەزار دەفرۆشرێت، ئەوەیدیکە سێتەکەی 24 دانەی تێدایە و بە پێنج هەزار دینار دەفرۆشرێت، هەریەک لەم دووانە لە بازاڕ لە مارکێتەکان بە تاک نرخیان 250 دینارە.
لەو جۆرە خواردنەوە وزەبەخشانەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانن کواڵیتیی نرخیان جیاوازە، گرانترینی تاوەکو سەرووی پێنج هەزار دیناریش دەڕوات، بەڵام پڕفرۆشترینەکان جۆرە هەرزانەکانن کە ناگەن بە 1000 دیناریش.
بەدواداچوون؛ بۆ ئەم بەدواداچوونە شتێکی جیاوازتر دەکەین لەگەڵ هاوکارانم گوگڵ فۆرمێکمان لە نێو ئەم ئایپادە ئامادە کردووە، کە چەند پرسیارێک لەخۆدەگرێت دەربارەی خواردنەوە وزەبەخشەکان بۆ کەسانی خوار 18، وەکو راپرسی لەنێو 50 کچ و کوڕی خوار 18 ساڵ لێرە لە هەولێر ئەنجامی دەدەین.
ئەنجامی راپرسییەکەمان بەم شێوەیە بوو؛
٪48 لە رەگەزی نێر بوون و ٪52 مێ.
٪70 خواردنەوەی وزەبەخش دەخۆنەوە.
٪48 هەفتانە چەند جارێک خواردنەوە وزەبەخشەکان دەخۆنەوە.
٪57 ئەو نەوجەوانانەی کە خواردنەوەی وزەبەخش دەخۆنەوە لە نێو راپرسییەکەمان ئەو خواردنەوە وزە بەخشانە دەکڕن کە نرخیان 500 دینارە.
٪74 دەرکەوت کە تەنیا لەبەر تامی خۆشی خواردنەوە وزەبەخشەکان دەیخۆنەوە.
٪94 دایک و باوکیان ئاگادارن کە ئەوانە دەخۆنەوە.
هەرێز یاسین، پسپۆڕی خۆراک لەم بارەیەوە دەڵێت: خواردنەوە وزەبەخشەکان دەبنە هۆکاری کۆمەڵێک نەخۆشی و زیانی لاوەکی یەکێک. لەوانە بەهۆی بەرزیی رێژەی کافاین تێیاندا دەبێتە هۆی ناڕێکبوونی خەو کە خەو ناڕێک بوو کەسەکە لایەنی دەروونیی ناڕێک دەبێت.
د. شوان عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە گوتی، ''هەفتەی 4 هەتا 5 نەخۆش دێن کە کاریگەرییەکانی خواردنەوەی خواردنەوە وزەبەخشەکانیان لەسەر دەرکەوتوون، تووشی نەخۆشیی لەرزینی گوێچکەڵەی دڵ دەبن کە بەڕاستی ئەو نەخۆشییە لە 60 ساڵی و 70 ساڵی زۆر باوە، بەڵام ئەو گەنجانەی کە ئەمانە دەخۆنەوە تووشی لەرزینی گوێچکەڵەی دڵ دەبن''.
ئێستا لە نزیکەی 20 وڵاتی جیهان خواردنەوە وزەبەخشەکان قەدەخەن بە کەسانی 18 ساڵ بفرۆشرێن و لە نوێترین بڕیاردا بەریتانیا لەسەرەتای مانگی 9 رایگەیاند، نیازیانە خواردنەوە وزەبەخشەکان بۆ کەسانی خوار 16 ساڵ قەدەخە بکەن.