پزیشکانی کورد لە بەریتانیا: دەمانەوێت ئەزموون و شارەزاییمان بگوازینەوە بۆ کوردستان

رووداو - تەندروستی

فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا (KMSF)، کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە پزیشکان، زانایان و پسپۆڕانی کوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بەڕێوەبرد و تێیدا جەختکرایەوە لە گواستنەوەی ئەزموون و سیستمی تەندروستیی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان.
 
کۆنفرانسەکە لەژێر ناوی "پشتیوانی لە نەتەوەکەمان، برەودان بە ناسنامەکەمان" بەڕێوەچوو و ئامانج لێی پتەوکردنی پەیوەندییە زانستی و پیشەییەکان و گواستنەوەی شارەزاییەکان بوو بۆ کوردستان.
 
حەمە عەتا، پزیشکی پسپۆڕی گورچیلە و میزەڵدان، رایگەیاند، "ئامانجمان لەو کۆنفرانسە بەیەکەوەبەستنی پزیشکان و زانایانی دەرەوەی وڵات و کوردستانە، دەمانەوێت ئەو سیستمی بەریتانیە بگوازینەوە بۆ کوردستان." ئەو پزیشکە کوردە ئامادەیی خۆی نیشاندا بگەڕێتەوە کوردستان و کاربکات و گوتی، "چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستمی هەرێمی کوردستان ئاسان نییە، بەڵام بە هەوڵدان چارەسەر دەبێت."
 
سەناریا رەوف، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون، ئاماژەی بەوەدا کە ئاستی زانیاری لەنێو پزیشکانی کورد بەرزە و پسپۆڕانی کورد لە دەرەوەی وڵات دەتوانن هاوکاربن، سەناریا رەوف گوتی، "ئێمە دەتوانین بە خۆبەخشی یان بە شێوەی ئۆنڵاین بەشداری بکەین لە کۆنفرانسەکانی هەرێمی کوردستان،" و باسی لەوە کرد کە دەیەوێت لە رێگەی ئەم جۆرە کۆنفرانسانەوە گرنگیی زیاتر بە ئاگاداربوون لە دایکانی دووگیان و کۆرپەلە بدرێت.
 
کۆنفرانسەکە چەندین پانێڵی زانستی و پزیشکی لەخۆگرتبوو، لەوانە "پردی پەیوەندی: سوودوەرگرتن لە شارەزایی پزیشکیی کوردی بەریتانیا بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی لە کوردستان" و "گەڕانەوەی مێشکەکان: سوودوەرگرتن لە ئەکادیمیستە کوردەکانی دەرەوە."
 
هەردوو پزیشکەکە جەختیان لە گرنگیی بەشداری و رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو کردەوە لە گەیاندنی پەیامی کۆنفرانسەکە و پسپۆڕانی کورد.