راگری کۆلێژی ئەکسێڵ لە لەندەن: یارمەتیی گەنجانی کورد دەدەین، بێن لە بەریتانیا بخوێنن
رووداو - تەندروستی
لە کۆنفڕانسی "پشتیوانی لە نەتەوەکەمان، برەودان بە ناسنامەکەمان" لە بەریتانیا، ژمارەیەک پسپۆڕ و شارەزای کوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە باسیان لە چەندین بابەتی تەندروستی، یاسایی و پەروەردەیی کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ خزمەتکردنی کوردستان و هاونیشتمانییان دەربڕی.
د. زانا حوسێن، راگر و خاوەنی کۆلێژی ئێکسێڵ لە بەریتانیا،کە سپۆنسەری ئەو کۆنفرانسەی گرتووەتە ئەستۆ گوتی، "هەموو هیوای من ئەوەیە خزمەتی کورد بکەم." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کۆلێژەکەیان یارمەتی ئەو خوێندکارانە دەدات کە لە کوردستانەوە دەیانەوێت لە بەریتانیا بخوێنن و تاوەکو ئێستا نزیکەی 7 بۆ 8 خوێندکاریان لەو رێگەیەوە یارمەتیداوە، د. زانا حوسێن روونیکردەوە، "لە کۆلێژەکەمان هەموو جۆرە بڕوانەمەیەکی دیبلۆمان هەیە."
لەلایەکی دیکەوە، د. رەنگین ئیبڕاهیم، پسپۆڕی وردی شێرپەنجەی پێست، ئامارێکی مەترسیداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی پێست لە بەریتانیا خستەڕوو و گوتی، "ساڵانە 100 هەزار کەس لە بەریتانیا بە شێرپەنجەی پێست دەستنیشان دەکرێن." ئەو پسپۆڕە کوردە باسی لە هەڵمەتەکانی هۆشیاری لە بەریتانیا کرد و گوتی، "ساڵانە دوو بۆ سێ جار لەنێو بازاڕەکاندا کۆشک دادەنێین و رێنوێنی خەڵک دەکەین بۆ خۆپارێزی لە شێرپەنجەی پێست."
د. رەنگین ئیبڕاهیم، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە کوردستانیش هەڵمەتی هۆشیاری زیاتر لەبارەی شێرپەنجەی پێستەوە ئەنجام بدرێت، گوتی "لە کوردستان زۆرێک لە هاونیشتمانییان شێرپەنجەی پێستیان هەیە و پێی نازانن." لە درێژەی قسەکانیدا د. رەنگین ئیبڕاهیم روونیکردەوە کە دەستنیشانکردنی زووی نەخۆشییەکە چارەسەرکردنی ئاسانتر دەکات و تێچووی چارەسەرەکەش کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی کە "70% بۆ 80%ی شێرپەنجەی پێست دەتوانرێت بە چاو ببینرێت."
هەر لە کۆنفرانسەکەدا، یار ئەمین، پارێزەر، تیشکی خستە سەر گرنگی یاسا و مافی نەخۆش لە بەریتانیا و گوتی، "لەم وڵاتە زۆر گرنگی بە یاسا و مافی نەخۆش دەدرێت."