پزیشکێک زانیاریی نوێ لەبارەی دۆخی تەندروستیی کیم کارداشیان ئاشکرا دەکات

رووداو - تەندروستی

پزیشکە تایبەتییە دەروونییەکەی کیم کارداشیانی 45 ساڵ لەبارەی دۆخی ئەو خانمە بەنێوبانگە دەڵێت: بەشی پێشەوەی مێشکی بۆشایی تێکەوتووە لەڕووی گەیشتنی خوێن بە خانەکانی کە ئەمەش ناڕێکی دەخاتە یادگە، پلاندانان، بڕیاردان و جووڵەی خۆویستانەی کارداشیان.
 
کیم کارداشیان لە دواین پشکنینی تیشکییدا دەرکەوت، ناڕێکیی پێدارۆیشتنی خوێن لە لوولە بچووکەکانی مێشکی هەیە، دەشێت دۆخەکەی ئاڵۆزتر بێت و ببێتە هۆی لەبیرچوونەوە، دڵەڕاوکێی بەردەوام و سەرئێشە.
 
د. دانیاڵ ئەیمن، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە ئەمریکا کە یەکێکە لەو پزیشکانەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی کارداشیان دەکات، دەڵێت: ئەو دۆخەی بەسەر مێشکی ئەو خانمەدا هاتووە، دەشێت تووشی دڵەڕاوکێ و گوشاری درێژخایەنی بکات.
 
کیم کارداشیان، خانمە مۆدێلی ئەمریکی، بازرگان و ئەستێرەی تەلەڤزیۆنی ریالیتی رایگەیاندووە، تووشی دۆخێکی ئاڵۆزی لوولەکانی خوێنی مێشکی بووە بە ناوی (ئاوسان و تەقینی خوێنبەری مێشک).
 
ئەو دۆخەی کیم کارداشیان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و خۆیشی پێی وایە، بەهۆی گوشارە دەروونییەکانییەوە بووە کە لەدوای جیابوونەوە لە هاوژینەکەی تووشی بووە.
 
لەبارەی کاریگەریی گوشار لەسەر ئەو کێشەیەی کارداشیان، کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا دەڵێ، گوشار و دڵەڕاوکی پەستانی زۆر دەخەنە سەر لوولەکانی خوێن، بەمەش پەستانی خوێن زیاد دەکەن و جەڵتەی دڵ و مێشکی لێدەکەوێتەوە.
 
پاشخانێک لەبارەی کارداشیانەوە
 
کیم کارداشیانی 45 ساڵ خاوەنی نزیکەی 900 ملیۆن دۆلارە، سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەی لە رێگەی رێکلامکردن و کاری هونەرییەوەیە. کیم کارداشیان پێشتر بۆ ماوەی هەشت ساڵ هاوژینی کاینی وێستی راپەری بەناوبانگی ئەمریکی بوو، بەڵام دواتر بەفەرمی لە ساڵی 2022 لەیەکدی جیابوونەوە، لەکاتێکدا خاوەنی چوار منداڵن.