ژەهر لەنێو هەزاران قوتووی شیری وشکی کۆمپانیایەکی بەنێوبانگدا دۆزرایەوە

رووداو - تەندروستی

ئەو کۆمپانیایەی کە شیری منداڵانی گیگۆز و نیدال بەرهەمدێنێت، کە لە هەرێمی کوردستانیش دەفرۆشرێن، بەشێکی زۆری بەرهەمی شیری وشکی لەبازاڕ کشاندەوە، هۆکارەکەش ئاشکرا دەکرێت.
 
کۆمپانیای Nestle (نێستڵ) کە ناسراوە بە نەستەلە و کۆمپانیایەکی سویسرییە رایدەگەیێنێت، شیری وشکی NINHO و NAN کە بەرهەمی ئەو کۆمپانیایەن لە بازاڕ کشاندووەتەوە، چونکە پیسبووە بە بەکتریا، ئەمەش سکچوون و رشانەوەی تووند لە منداڵاندا دروستدەکات.
 
هەرچەندە کۆمپانیا سویسرییەکە ئەوەی گوتووە، تائێستا هیچ سکاڵایەکیان لەسەر ژەهراویبوونی بەکارهێنەرانی شیرەکە تۆمار نەکردووە، بەڵام بۆ سەلامەتیی زیاتر بڕیاری کشانەوەی بەرهەمەکەیان داوە.
 
لە پشکنینی تاقیگەیی چەند وڵاتێک لە بەرهەمەکەیان بۆچووە، دەرکەوتووە کە شیرەکان مادەیەکی ژەهراوییان تێدایە کە بەکتریایەک دروستیدەکات.
 
کۆمپانیای نەستەلە لە لقەکانی بەریتانیا و ئێرلاند ستافی داناوە بۆ ئەوەی قەرەبووی مادیی ئەوانە بکاتەوە کە بەرهەمەکانیان کڕیوە. لە سعودیەش داوا لە بەکارهێنەران کراوە، ئەو جۆرە شیرە فڕێبدەن. لە میسریش بەهەمان شێوەیە کار کراوە بۆ پاکتاوکردنی بازاڕ لەو بەرهەمە.
 
هاوکات حکومەتی تاجیکستان خەڵکی ئاگادار کردووەتەوە کە بە هیچ جۆرێک شیری NAN کە دروستکراوە کۆمپانیای نەستەلەیە، نەکڕن چونکە ستانداردە جیهانییەکانی تێدا نییە.
 
ساڵی رابردوو بۆ دووەمجار کۆمپانیای 'نەستەلە' تۆمەتبار کرا بەوەی، شەکری زۆر لەنێو بەرهەمەکانیدا هەیە (راپۆرتێک ببینە).
 
ساڵی 2024 کۆمپانیای (پەبڵیک ئای)ـی سویسری بڵاوی کردەوە، ''دوو لە پڕفرۆشترین بەرهەمە خۆراکییەکانی منداڵانی ساوا کە لە لایەن نێستڵەوە لە ولاتانی کەمداهات و مامناوەند فرۆشراون، ئاستێکی بەرزی شەکری زیادکراویان تێدایە، لە کاتێکدا ئەو بەرهەمانە لە وڵاتەکەی خۆیدا لە سویسرا، بێ شەکرن''. (راپۆرتێک ببینە)