تەندروستیی ئوردن: 60٪ـی گەنجان قەڵەو و کێشزۆرن

رووداو - تەندروستی

تەندروستیی ئوردن رایدەگەیێنێت، 60.8٪ـی گەنجانی وڵاتەکە کێشزۆر و قەڵەون. هۆشداریش دەدرێتە ئەوانەی دەرزییەکانی دژەقەڵەوی بەکاردەهێنن.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئوردن ئاشکرای دەکات، 60.8٪ـی ئەوانەی 18 تاوەکو 60 ساڵن کێشیان زیادە یاخود قەڵەون، زۆرینەشیان خانمانن.
 
بەگوێرەی راپۆرتە جیهانییەکان، قەڵەوی دەکرێت رێخۆشکەر بێت بۆ؛
 
- شەکرە
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- شێرپەنجە
- ناڕێکیی هۆڕمۆنەکان
- تێکچوونی دەروون
- کێشەکانی پێست
- ناڕێکییەکانی خەوتن
 
تەندروستیی ئوردن هۆشداری دەداتە خەڵک کە بەبێ راوێژی پزیشک دەرزیی کێشدابەزاندن بەکارنەهێنن، چونکە دەشێت لێکەوتەی مەترسیداری هەبێت.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە ملیارێک کەس بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن و لە ساڵی 2024دا نزیکەی چوار ملیۆن کەس بەهۆی لێکەوتەکانییەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
پێشبینیش دەکرێت تاوەکو ساڵی 2030، رێژەی قەڵەوی دوو ئەوەندە زیاد دەکات.