توێژینەوەیەک: خۆراکە ئامادەکراوەکان رێخۆشکەرن بۆ شێرپەنجە و شەکرە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ لە فەرەنسا دەریدەخات، مادە پارێزەرەکانی نێو خۆراکە ئامادەکراو و خێراکان وا لە مرۆڤ دەکەن تووشی شێرپەنجە و شەکرە ببێتە.
 
توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە هەزار کەسی فەرەنسی لە گۆڤاری BMJ بڵاو بووەتەوە و مادە پارێزەرەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانی مەمک و پڕۆستات زیاد دەکات.
 
مادەکانی (سۆدیۆم نیتریت و نیترات) ئەوانەبوون کە لەنێو توێژینەوەکە کاریان لەسەر کراوە و لە خۆراکە خێراکاندا بەکاردێن.
 
ماتیڵد تۆڤیێر، پسپۆڕی پەتازانی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی سۆربۆن دەڵێت: خواردنی ئەو بەرهەمانەی ئەو پارێزەرانەیان تێدایە مانای ئەوە نییە راستەوخۆ تووشی شێرپەنجەت دەکەن، بەڵکو لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن شێرپەنجەکە دەردەکەوێت.
 
بەپێی ئامارەکانی ئەمریکا، ئێستا 70٪ـی خۆراکەکانی هاووڵاتییان، خۆراکە ئامادەکراوەکانن.
 
بەگوێرەی دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا، بەکارهێنانی خۆراکە خێراکان و خۆراکە ئامادەکراوەکان وەکو ئایس کرێم، بسکیت و خواردنەوە گازییەکان کە رێژەیەکی بەرزی چەوری تێر و خوێ و شەکریان تێدایە لە سەرانسەری جیهان لە زیادبووندایە و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم و شێرپەنجە زیاددەکات.