خانمە ئەکتەرێکی میسری بە رووخسارێکی ئیفلیجەوە خۆی پێشانی بینەرانی دا

رووداو - تەندروستی

لیقا سویدان، خانمە ئەکتەری میسری و پێشکێشکاری یەکێک لە بەرنامە میسرییەکان لە نوێترین دەرکەوتنیدا بە رووخسارێکی نیمچەئیفلیج دەرکەوت و بووە جێی سەرنج! ئەو دەڵێت: خۆم بڕیارم دا کە بەم شێوەیە دەربکەوم، چونکە بینەرەکانم هاوبەشی ژیانمن و دەمەوێت لەگەڵیان راشکاو بم.
 
بەگوتەی لیقا سویدانی 53 ساڵ، بەهۆی گوشاری دەروونی هۆکاری سەرەکی بووە بۆ تووشبوونی بەو دۆخە، روونیشی کردەوە کە ئێستا لەژێر چارەسەری سرووشتیدایە بۆ ئەو دۆخە.
 
ئەو خانمە پێش مانگێگ تووشی ئەو دۆخە بووە، بەڵام ئاشكرا نەکردبوو، ئیدی بەهۆی پابەندبوونی بە یاسای ئەو کەناڵەی کاری لێدەکات، هاتووەتەوە سەر شاشە و دەستی بە پێشکێشکردنی بەرنامەکەی کردووەتەوە.
 
لیقا سویدان تووشی چی بووە؟
 
د. محەممەد مێلیگی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و دەمار لە میسر دەڵێت: ئیفلیجبوونی لایەکی رووخسار کە ناسراوە بە (bell's palsy) دەشێت بەهۆی هەوکردن، لاوازبوونی بەرگریی جەستە یان گەرمابردن رووبدات.
 
لەو جۆرە نەخۆشییە، ئەو دەمارەی کە کۆنتڕۆڵی ماسوولکەکانی رووخسار دەکات، تووشی هەوکردن دەبێت و تێکدەچێت، بەمەش لایەنی رووخسار دادەکەوێت یاخود ناجووڵێت، قسەکردن ناڕێک دەبێت و کەسەکە هەست بە ئاوساوی دەم و چاوی دەکات.
 
چارەسەرەکان
 
زۆرجار دەرمانی کۆرتیزۆڵ بەکاردێت، لەگەڵ چارەسەری سرووشتی و دووبارە ژیانەوەی ماسوولکەکان، هەرچەندە پزیشکان پێیان وایە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات نەخۆشەکە باری ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام دەشێت چەند مانگێگ زیاتر بخایەنێت.
 
سۆما شێرزاد، چارەسەرکارێکی سرووشتییە لە هەولێر... کچێک هاتووەتە کلینیکەکەی کە لایەکی رووخساری ئیفلیجبووە، بزانە چۆن چارەسەری دەکات؛