دیبەیتی رووداو لەگەڵ شەش زانکۆی ئیتاڵی و دوو زانکۆی کوردستانی
رووداو - تەندروستی
یەکەم وۆرکشۆپی نێودەوڵەتیی زانستی و کولتووریی پسپۆڕانی کوردستان و ئیتاڵیا لە هەولێر بەڕێوەچوو و لەلایەن کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستانیی ئیتاڵی ئەنجامدرا؛ میوانەکانی دیبەیتەکە هەر یەکەیان بەجۆرێک باسی کوردستانیان کرد، یەکێکیان گوتی: باشترین شوێنە بۆ میواندۆستی، لای دانەیەکی دیکەشیان خانمانی کورد هاوشێوەی خانمای ئیتاڵی جوانن.
دیبەیتەکە لەنێو وۆرکشۆپی نێودەوڵەتیی زانستی و کولتووریی هاوبەشی کوردستان - ئیتاڵیا ئەنجامدرا کە شەش زانکۆی ئیتاڵی، زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی تیشكی نێودەوڵەتی تێیدا بەشداربوون؛ د. هەوراز ئەمین، کە پسپۆڕ و توێژەرێكی کوردی دانیشتووی ئیتاڵیایە دەڵێت، ئامانج لە رێكخستنی وۆرکشۆپەکە دروستکردنی هاوئاهەنگیی زیاترە لە بواری زانستی و کولتووریی نێوان زانکۆکانی کوردستان و ئیتاڵیا کە خۆیان لە نزیکەوە لە کوردستان ئامادە دەبن.
''لە هەرێمی کوردستان 36 زانکۆ هەن؛ زیاتر لە 18ـیان تایبەتن''
د. ئیدریس هادی، سەرۆکی ئەمیندارانی زانکۆی تیشک دەڵێت: لەنێو وۆرکشۆپەکە بایەخی زۆر درا بە ژیریی دەستکرد کە لەلایەن پسپۆڕانی ئیتاڵییەوە باسکران تاوەکو پسپۆڕانی کوردستانیش سوودیان لێوەربگر.
بەگوتەی د. ئیدریس هادی، لە زانکۆکەیان ئاسانکاریی تەواو دەکرێت بۆ باشترکردنی توانا زانستییەکانیان و هەروەها بە نیازن لەمەودوا خوێندکاران بنێرن بۆ ئیتاڵیا تاوەکو لەڕووی وانە پڕاکتیکییەکانەوە زیاتر بزانن. ئیدریس هادی گوتی، ''دەمانەوێت لەگەڵ زانکۆکانی ئیتاڵیا هاوبەشی بکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندکاران''.
ئیدریس هادی ئاشکرای دەکات، لە هەرێمی کوردستان 36 زانکۆ هەن؛ زیاتر لە 18ـیان تایبەتن و زیاتر لە 16ـیان حکومین هەر بۆیە دەڵێت: بەشێکی زۆری زانکۆکانمان لە ئاستێکی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراون و ئەمەش پەیوەندیی زیاتر دروستدەکات لەنێوان پسپۆڕانی کوردستان و وڵاتانی دیکە.
''جیاوازیی زانکۆکانی ئێمە لەگەڵ ئیتاڵیا ئەوەیە کە ئێمە ئامێر و بودجەمان نییە بۆ توێژینەوە''
سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان - ئیتاڵیا رایدەگەیێنێت، وۆرکشۆپەکە هەلێکە بۆ زیاتر ناسانی پسپۆڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو بە زانست و کولتووری کوردستان و باشترکردنی هاوئاهەنگیی نێوانیان.
د. پاوان فارس دزەیی، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان - ئیتاڵیا دەڵێت: جیاوازیی سەرەکیی نێوان زانکۆ حکومییەکانی کوردستان بەراورد بە ئیتاڵیا ئەوەیە کە {پێداویستییان کەمە، بودجەیان کەمە و ئامێریان نییە} ئەمانەش کاریگەرییان دەبێت لەسەر کواڵیتیی خوێندکارەکانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان.
د. پاوان کە خۆشی مامۆستای زانکۆیە لە زانکۆی سەڵاحەدین و هاوکات توێژەرێکی زانکۆی پاڤیایە لە ئیتاڵیا روونی دەکاتەوە، ئامانجی سەرەکییان دروستکردنی پەیوەندیی زیاترە لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و وڵاتانی دیکەش بۆ زیاتر ئاشنابوون.
''کوردستان باشترین شوێنی جیهانە بۆ میواندۆستی''
د. ئەندریا پیرۆنی، پڕۆفیسۆر لە بواری زەویناسی و پسپۆڕی ژینگە لە زانکۆی زانستە خۆراکییەکان لە ئیتاڵیا دەڵێت: لە جۆر و پۆلێنکردنی رووەکەکان دەکۆڵینەوە، کارمان لەسەر رووەکەکانی هەرێمی کوردستانیش کردووە وەکو کەنگر و رێواس.
د. ئەندریا پیرۆنی گوتی، ''نۆ ساڵە لە هەرێمی کوردستان توێژینەوە لەسەر رووەکەکان دەکەم و باشترین شوێنی جیهانە بۆ میواندۆستی''.
''هیچ جیاوازییەک نابینم لەنێوان خانمانی کورد و ئیتاڵیا و هەردووکیان جوانن''
د. دایانا ماتۆتیا، پڕۆفیسۆر لە بواری تەکنۆلۆژیای پزیشكی لە زانکۆی پاڤیای ئیتاڵیا رایدەگەیێنێت، خانمانی کورد و ئیتاڵی هەلی زۆریان هەیە بۆ ئەوەی فێرببن و لە پێشکەوتنەکانی وڵاتدا بەشداربن.
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە خانمان پێگەی خۆیان پتەوبکەن و هەمیشە رۆڵی سەرەکییان هەبێت، دایانا دەڵێت، ''خانمانی کورد جوانن و هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ خانمانی ئیتاڵی نییە''.
''هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی باشە بۆ گیادەرمانی''
د. دیێگۆ کاپریۆگلیۆ، پڕۆفیسۆر لە بواری کیمیای ژیانی لە زانکۆی ئێستێرن پێدمۆنت لە ئیتاڵیا گوتی، کوردستان ناوچەیەکی باشە بۆ گیادەرمانەکان و دەکرێت گەشەیان پێبدرێت بۆ دروستکردنی دەرمانی کیمیاییش.
د. دیێگۆ کاپریۆگلیۆ ئاشکرای دەکات، بنەماکانی پزیشکی لە جیهاندا یەک شتن و ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە هەمان ئەو شتانەن کە لە جیهانیشدا دەخوێندرێن.
''دەمانەوێت خوێندکارانی کوردستان بۆ ماستەر و دکتۆرا ببەینە ئیتاڵیا''
د. جۆڤانی ڤیداری، پڕۆفیسۆر لە بواری بەرهەمە خۆماڵی و سرووشتییەکان هەرچەندە ئێستا لە ئیتاڵیا خانەنشینبووە بەڵام هاتووەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خوێندکاران لە ئەزموونی خۆی هاوبەشی پێبکات و فێریان بکات.
ئەو دەڵێت، ''کە هاتوومەتە هەرێمی کوردستان دەمەوێت پێداویستییەکان بۆ خوێندکاران دابینبکەین و هەوڵدەدەین رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا بتوانن لە ئیتاڵیا پسپۆڕی بەدەستبهێنن''.
زانکۆی ئیستێرن پێدمۆنت: دەمانەوێت لەگەڵ پسپۆڕانی هەرێمی کوردستان کاربکەین''
د. کلیزیا رانگینۆ، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ئەکادیمییەکان لە زانکۆی ئیستێرن پێدمۆنتی ئیتاڵیا دەریدەخات، لە داهاتوودا کاردەکەن بۆ باشترکردنی زانکۆکانی کوردستان لەڕێگەی هاوئاهەنگیی زیاتری زانکۆی ئیستێرن پێدمۆنت و زانکۆکانی عێراق.
د. کلیزیا رانگینۆ گوتی، دەمانەوێت زەوینەسازییەکی هاوبەش دروستببێت لەنێوان کوردستان و زانکۆکەمان لە ئیتاڵیا تاوەکو ئاستی خوێندکاران بەرزبکەینەوە.
''دەمانەوێت وزەی کەمتر لە بەرهەمهێنانی دەرماندا بەکاربهێنین''
د. ماتێیۆ لیۆن، پرۆفیسۆر لەبواری کیمیای ژیانی و پیشەسازی لە زانکۆی بۆڵۆنیا دەڵێت: لەگەڵ دوو زانکۆی دیکە کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک تاوەکو وزەی کەمتر لە بەرهەمهێنانی دەرماندا بەکاربێت.