لە چین ژیریی دەستکرد بۆ زوودەستنیشانکردنی شێرپەنجەیەکی کوشندە تاقیدەکرێتەوە
رووداو - تەندروستی
ژیرییەکی دەستکرد ئەو خاڵانە دەستنیشان دەکات کە ئەستەمە بە چاوی مرۆڤ ببیندرێت لەکاتی سەیرکردنی شیکاریی شانەکانی پەنکریاس، پسپۆڕان وەکو ''جووتە چاوێکی زیاد'' بۆ پزیشکان ناوی دەبەن.
مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد لە شەنگەهای چین پەرەیپێدەدرێت کە ئێستا لە قۆناخی تاقیکردنەوەیە لە چەند شارێکی ئەو وڵاتە، ئامانجیش ئەوەیە بۆ زوودەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پەنکریاس بەکاریبهێنن.
د. ژو کیلێی، سەرۆکی پزیشکانی نەشتەرگەرییەکانی کۆئەندامی هەرس هۆکاری ئەوەی کە پسپۆڕان دەیانەوێت لەو شێرپەنجەیەدا بەکاریبهێنن روون دەکاتەوە و دەڵێت: کوشندەیە و هەمیشە لە قۆناخە پێشکەوتووەکاندا دەستنیشان دەکرێت، بۆیە AI وادەکات زووتر پێی بزاندرێت و زووتریش چارەسەری بۆ بکرێت.
د. جین گانگ، بەرپرسی بەشی نەشتەرگەرییەکانی جگەر، پەنکریاس و سپڵ لە نەخۆشخانەی شەنگەهای گوتی، ''ئەگەر شێرپەنجەی پەنکریاس لە قۆناخێکی سەرەتاییدا دەستنیشان بکرێت کە گرێیەکە لە یەک سانتیمەتر بچووکتر بێت، رێژەی مانەوە لە ژیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای لابردنی بە نەشتەرگەری دەتوانێت بگاتە 85٪ کە نزیکە لە چاکبوونەوەی تەواو''.
تائێستا بۆ چەند نەخۆشێک تاقیکراوەتەوە و زوو شێرپەنجەکەیان دەستنیشان کراوە، زووش چاک بوونەتەوە پێش ئەوەی بگاتە قۆناخی کوشندەیی و مەترسیدار.
بەگوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، رێژەی مانەوەی تووشبووی شێرپەنجەی پەنکریاس 13٪ـە و زۆرجار رێژەی مانەوە لە 44٪ بۆ 3٪ـە، بەڵام یەکێکە لە شێرپەنجە کوشندەکان. ساڵانە نیو ملیۆن تووشبووی نوێی شێرپەنجەکە لە جیهاندا تۆمار دەکرێن و 12ـەمین شێرپەنجەی باوە.
بەپێی WHO، رێگەکانی پێشگیریکردن لە شێرپەنجە دەکرێت ئەمانە بن؛
* خۆراکی تەندروست
* کەمخواردنی خۆراکە لەقوتوونراوەکان
* دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
* دوورکەوتنەوە لە کحول
* وەرزش
* کێشڕێکی
* ژینگەی خاوێن
* خۆپاراستن لە تیشکە زیانبەخشەکان