لەکاتی هەر دۆخێکی فریاگوزاری و بەپەلە بۆ پاراستنی تەندروستیت، ئەمانە بکە

رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی پسپۆڕی فریاکەوتن دەڵێت، گرنگترین هەنگاو لەکاتی برینداربوونی کەسێکدا، گواستنەوەیەتی بۆ شوێنێکی پارێزراو، دواتر وەستاندنی خوێنبەربوونی برینەکەی و پشکنینی هەناسەدانیەتی.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 10-3-2026 د. سۆلین مەهدی، پزیشکی پسپۆڕی فریاکەوتن لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، لەکاتی برینداربوونی کەسێکدا ئەگەر پێویست بوو دەبێت سینگە دڵەبوژانەوە (CPR) بۆ کەسی بریندار ئەنجام بدرێت، لە رێگەی 30 جار پاڵەپەستۆ خستنەسەر سنگ و دووجار هەناسەدان لە دەمەوە.
 
بۆ برینەکان، ئەو پزیشکە پسپۆڕەی فریاکەوتنە جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە پارچە قوماشێکی پاک لەسەر برینەکە دابنرێت و پاڵەپەستۆی بخرێتە سەر بۆ وەستاندنی خوێنبەربوون.
 
د. سۆلین مەهدی گوتی: "گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە کەسی بریندار بە خێرایی بگوازرێتەوە، بەڵکو دەبێت بە هێواشی و بە ئاگادارییەوە بێت بۆ پاراستنی بڕبڕەی پشت و برینەکانی، هاوکات نابێت ئەو تەنەی چووەتە نێو جەستەی کەسەکە دەربهێندرێت، بەڵکو دەبێت هەوڵبدرێت نەجوڵێت."
 
لە کۆتاییدا، د. سۆلین مەهدی، داوای لە هاونیشتمانییان کرد راهێنانی فریاگوزاریی سەرەتایی بکەن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی فریاکەوتن لە هەموو ماڵێکدا هەبێت.