لە هۆڵەندا گۆرانیگوتنی بەکۆمەڵ بۆ کەمکردنەوەی نیشانەی نەخۆشییەکانی مێشک دەکرێت
رووداو - تەندروستی
لە هۆڵێکی کۆنسێرت لە پایتەختی هۆڵەندا ئەوانەی تووشی لەبیرچوونەوە و نەخۆشییەکانی دیکەی مێشک بوون، بەیەکەوە کۆکراونەتەوە و گۆرانی دەڵێن.
بەشداربووان ژن و پیاوی تێدایە، پیر و گەنج تێکەڵ بوون و هەموویان بە یەکەوە سروود و گۆرانیی فۆلکلۆریی وڵاتەکەیان دەڵێنەوە.
مارتێژ دێ لینت، گۆرانیبێژ و خاوەنبیرۆکەی گۆرانیگوتنی بەکۆمەڵ دەڵێت: ''گۆرانیگوتنی بەکۆمەڵ شێوازێکە بۆ ئەوانەی مێشکیان لاوازە، لەگەڵ هاوژین یان ئەندامانی خێزانەکەیان دێنە ئێرە و ئێمەش کەشێکی لەبار و سەلامەتیان بۆ دەڕەخسێنین، بۆ ئەوەی هیوایان پێبدەین کە سەرەڕای نەخۆشییەکەیان، ئاسوودە ببن، چونکە ئەو بەشەی چێژ لە میوزیک وەردەگرێت، بە کەمی نەخۆش دەکەوێت''.
مێگان لەبیرچوونەوەی هەیە و لەگەڵ کچەکەی بەشدارن. ئەو دەڵێت: ''نەخۆشییەکەم زۆر سەختە، خەریکە هەموو شتم بیردەچێتەوە، بەڵام بینینی ئەم هەموو خەڵکە مایەی دڵخۆشییە و وایکردووە زۆر یادگاریم بێتەوە یاد''.
هەر یەکێک لەم بەشداربووانە 23 دۆلار دەدات، تاوەکو بە گۆرانیگوتن یادگارییەکانی منداڵی و سەردەمی گەنجێتیی بیربکەوێتەوە. دەیانەوێت مێشکیان بەهێز بێت و بەرەنگاری نەخۆشییەکەیان ببێتەوە.