تەندروستیی ئیسرائیل: لە سەرەتای جەنگمان دژی ئێران دوو هەزار و 238 بریندارمان هەبووە

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، لەسەرەتای جەنگی ئەمجارەیان دژی ئێران، دوو هەزار و 238 برینداریان هەبووە و رەوانەی نەخۆشخانەیان کردووە، لەو ژمارەیەش 91 کەسیان لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە.
 
نوێترین ئاماری تەندروستیی ئیسرائیل دەریدەخات، بەشێکی زۆری ئەوانەی بەهۆی جەنگ و بۆردوومانەکانی ئێرانەوە بریندار بوون، دوای چارەسەر، رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و چارەسەر کراون. هەروەها ئەوەش ئاشکرایە کە ئێستا نەخۆشەکان لە ژێرزەمین و گەراجی ئۆتۆمبێلەکاندا چارەسەر وەردەگرن.
 
چی لەبارەی تەندروستیی ئێران؟
 
محەممەد جەمالیان، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران، نوێترین ئاماری زیانەکانی کەرتی تەندروستی و پلانی فریاگوزاریی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی جەنگ ئاشکرا کرد و دەڵێت: "9 نەخۆشخانە بە تەواوی لەکارکەوتوون.''
 
جەمالیان بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە: "11 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 53ی دیکەش بریندارن، تاوەکو ئێستا 1،400 بریندار لە نەخۆشخانەکانی سەرتاسەری وڵاتدا لە ژێرچارەسەری پزیشکیدان." 
 
سەبارەت بە توانای بەرگەگرتنی وڵات لە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگەکە، ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی دڵنیایی دەدات یەدەگی 6 مانگ کۆگەکانی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان ئامادە کراون، ئەگەر شەڕ بۆ 6 مانگی دیکەش بەردەوام بێت، وڵات تووشی کورتهێنان نابێت.