دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەری فرەجووڵەی کەمسەرنج ''ADHD'' دەدۆزرێتەوە

رووداو - تەندروستی

تاقیکردنەوەکانی دەرمانێکی نوێ بۆ کێشەی ADHD کە ناسراوە بە فرەجووڵەی کەمسەرنج بەردەوامە و لە قۆناخی سێیدا سەرکەوتوو بووە، پسپۆڕان دەڵێن، 45٪ نیشانەکان کەمدەکاتەوە.
 
ئەو دەرمانەی کاری لەسەر دەکرێت ناوی Solriamfetolـیە و سەرکەوتنی ئەو قۆناخەی دەرمانە دوای ئەوە دێت کە بەشداربووان Solriamfetolـی 150 میلیگرامی و 300 میلیگرامیان پێدرا و دەرکەوت، لانیکەم 45٪ بۆ 50٪ نیشانەکانیان کەمبووەتەوە.
 
د. گریگۆری ماتینگلی، سەرۆکی کۆمەڵەی ADHD لە ئەمریکا دەڵێت: دۆخەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر شێوازی ژیان دروستدەکات و دەشێت مەترسیی مردنی پێشوەختە زۆر زیادبکات.
 
ئێستا چەند دەرمانێک بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی ADHD  بەکاردەهێندرێن، بەڵام کاریگەرییە لاوەکییان زۆرە و لە هەندێک کەسیش بە باشی کارناکەن.
 
ئەو دەرمانە بۆ چارەسەری خەوزڕان، خەمۆکی و کۆنتڕۆڵکردنی زۆرخۆری بەکاردەهێندرێت و ئێستا لەلایەن کۆمپانیای Axsomeـی ئەمریکییەوە تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت بۆ چارەسەری ADHD.