توێژینەوەی پزیشکێکی کورد: پاکڕاگرتنی دەم و ددان تەندروستیی مێشک دەپارێزێت
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەی پزیشکێکی کورد لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەوانەی لاوازیی هزری و بیرکردنەوەیان تووش دەبێت، پێکهاتەکانی نێو دەم و ددانیشیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
دکتۆر دەرباز نیاز، پزیشکی گشتی و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی رەش لە ئەمریکا توێژینەوەیەکی کردووە و تایبەت بە رووداو دەڵێت، تاقیکردنەوەیان لەسەر 143 بەساڵاچوو کردووە و دەرکەوتووە، ئەوانەی توانای بیرکردنەوەیان لاوازە بەکتریای زیانبەخشی دەمیان زیاد بوو، تەنانەت بەکتریا سوودبەخشەکانی دەمیشیان کەم بووەتەوە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری npj Dementia لە زانکۆی رەش لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە و دەرکەوتووە، ئەوانەی هزریان لاواز بووە، زیاتر ددانەکانیان کلۆر بووە و تەندروستیی دەم و پووکیان خراپتر بووە.
دکتۆر دەرباز نیاز دەڵێت: بەکتریاکانی نێو دەم کاریگەرییان لەسەر مێشک هەیە و بۆ پاراستن و پاکڕاگرتنیان زۆر پێویستە بۆ باشترکردنی یادگە و فەرمانەکانی مێشک، تەنانەت رێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزەهایمەر.
بۆ بینینی لینکی توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیزی، کلیک لێرە بکە.