کوێستان محەممەد: سەنتەرەکانی ئۆتیزم پێویستیان بە دەرماڵەی مەترسی هەیە

رووداو - تەندروستی

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەڤپەیڤینێکدا و لە بەشێکی قسەکانیدا تایبەت بە رووداو ئاشکرای دەکات، لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم پێویستە دەرماڵەی مەترسی بۆ راهێنەر و مامۆستاکان ببڕدرێتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 10-5-2025 کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی راستەوخۆدا لەگەڵ هیوا جەمال ئاماژە بە هەندێک شوێن دەکات و بە پێویستی دەزانێت کە دەرماڵەی مەترسیان بۆ ببڕدرێتەوە وەکو 'سەنتەرەکانی ئۆتیزم، خانەی بەساڵاچووان و ماڵەکانی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو'.
 
کوێستان محەممەد روونی دەکاتەوە، دووجارە چاودێرانی منداڵی ئۆتیزم کە دووگیان بوون، منداڵیان لەدەستداوە بەهۆی ئەوەی لەلایەن منداڵە ئۆتیزمەکانەوە ئازار دراون.
 
کوێستان محەممەد دەڵێت: ''زیاتر لە 10 جارە نووسراوم کردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هیچی ناچێتە پێشەوە''.
 
ئەوەشی گوت، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا فەرمانبەرێکی زۆری وەزارەتەکەی بەهۆی نەبوونی دەرماڵەی مەترسییەوە ویستویانە بگوازرێنەوە بۆ وەزارەتەکانی دیکە.