عێراق هەڵمەتی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی سییەکان و پرۆستات رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق دەڵێت، هەڵمەتێکی گەورە بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی سییەکان و پرۆستات لە هاووڵاتییان دەستپێدەکەین. دەشڵێت، دەکرێت هەڵمەتەکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی ئایار، د. تەحسین روبێعی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوو هەفتەی داهاتوودا، هەڵمەتی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی سییەکان و پرۆستات بۆ هاووڵاتییان لە سەرجەم پارێزگاکاندا دەستپێدەکەین."
 
د. تەحسین روبێعی دەڵێت، "هەڵمەتەکە دوای واژۆکردنی گرێبەستێکە لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازینیکای بەریتانی، کە ئەو کۆمپانیایە بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ دروست کردووین، بۆ ئەوەی بە گوێرەی وەڵامی چەند پرسیارێکی دیاریکراو کە لە هاووڵاتییان دەکرێت، بتوانرێت پێشوەختە ئەو دوو نەخۆشییە دەستنیشان بکرێت."
 
لەبارەی چۆنییەتی هەڵمەتەکە، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی شێرپەنجە گوتی، "لە مۆڵ و شوێنە گشتییەکاندا کابینەیەکی بچووک دادەنرێت و کارمەندێکی راهێنراو بە لاپتۆپێکەوە کە بەرنامەکەی تێدا دانراوە، پێشوازی لە هاووڵاتییان دەکات."
 
د. توحسین زوبێعی دەشڵێت، "لە هەر پارێزگایەکدا هاوئاهەنگی لەگەڵ چەند نەخۆشخانە و ناوەندێکی تەندروستیدا دەکرێت، هەرکەسێک لەو دەستنیشانکردنە سەرەتاییانە گومان بۆ ئەگەری تووشبوونی هەبوو، کۆبۆنێکی پێدەدرێت کە دەتوانێت بچێت بە نرخێکی زۆر هەرزان پشکنینەکان بکات."
 
بە گوتەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی شێرپەنجە ئامادەن هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا بکەن و ئەو هەڵمەتە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دەستپێبکەن.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، لە ساڵی 2023 دا 43 هەزار و 62 تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
 
بەگوێرەی ئەنجوومەنەکە، باوترین جۆری شێرپەنجە لە عێراقدا، لە نێو پیاوان شێرپەنجەی سییەکان، قۆڵۆن و پرۆستاتە. لە ئافرەتانیشدا، شێرپەنجەی مەمک، قوڕگ و قۆڵۆنە.