توێژینەوەیەک: رۆژانە 8,500 هەنگاو بەسە بۆ رێگری لە قەڵەوبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی مۆدێنا و ریجیۆ ئیمیلیای ئیتاڵی، ئەو کەسانەی بە رجیمکردن کێشیان دادەبەزێنن و دەیانەوێت وەک خۆیان بمێننەوە و قەلەو نەبنەوە، پێویستە رۆژانە نزیکەی 8 هەزار و 500 هەنگاو بڕۆن.
شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە، رۆیشتنی بەردەوامی رۆژانە هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ رێگری لە قەڵەوبوونەوە، بەتایبەتی کاتێک بەراوردیان کردووە لە نێوان ئەوانەی لە هەمان کاتدا رجیم و وەرزشیان کردووە، لەگەڵ ئەوانەی تەنیا رجیمیان کردووە بێ وەرزش.
ئەم توێژینەوەیە لە (کۆنگرەی ئەورووپی بۆ قەڵەوی) لە شاری ئیستەنبووڵ خرایەڕوو.
پرۆفیسۆر مەروان ئەلغۆش لە زانکۆی مۆدێنا و ریجیۆ ئیمیلیای ئیتاڵیا کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی کردووە، دەڵێت: "نزیکەی 80٪ـی ئەو کەسانەی کێشی زیادە یان قەڵەوییان هەیە و سەرەتا کێشیان دادەبەزێنن، لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا، بەشێک یان هەموو ئەو کێشەیەی دایانبەزاندووە، بۆیان دەگەڕێتەوە،" واتە دووبارە قەڵەو دەبنەوە.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی بەرنامەیەکی باشی تەندروستییان بەکارهێناوە و رۆژانە هەنگاوەکانیان بۆ نزیکەی 8 هەزار و 450 هەنگاو زیادکردووە، توانیویانە کێشی خۆیان بە جێگیری بهێڵنەوە و تێکڕا نزیکەی 4 کیلۆگرامیش زیاتر دابەزێنن. بەڵام ئەو کەسانەی کە ژمارەی هەنگاوەکانیان زیاد نەکردبوو، نەیانتوانیبوو کێشیان دابەزێنن یان وەک خۆی بیهێڵنەوە.
پرۆفیسۆرەکە دەڵێت: "هاندانی خەڵک بۆ ئەوەی رۆژانە هەنگاوەکانیان بۆ 8 هەزار و 500 هەنگاو زیاد بکەن، رێگەیەکی زۆر سادە و ئاسانە بۆ رێگریکردن لە قەڵەوبوونەوە و گەڕانەوەی کێشی زیادە."