وەزیری تەندروستیی ئیسپانیا: پشکنینی بەرکەوتووانی ڤایرۆسی هانتا نەرێنییە و ئەمەش هەواڵێکی خۆشە

رووداو - تەندروستی

وەزیری تەندروستیی ئیسپانیا لە نوێترین لێدوانیدا رایدەگەیێنێت، پزیشکانی وڵاتەکە پشکنینیان بۆ چەند بەرکەوتوویەکی تووشبووانی ڤایرۆسی هانتا کردووە و نەرێنی دەرچووە، واتە تووشبووی ڤایرۆسەکە نەبوون.

مۆنیکا گارسیا، وەزیری تەندروستیی ئیسپانیا دەڵێت: ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی بێوێنەیە: 23 وڵات بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی چۆڵکردنی ئەو کەسانەی لەناو کەشتییەکەدان. ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تەندروستیی نێودەوڵەتی لە هەماهەنگیداین بۆ ئەوەی بە بەرزترین ئاستی سەلامەتی و گەورەترین گەرەنتی بۆ دانیشتووان و تەندروستیی گشتی جێبەجێی بکەین.
 
ئەوەش باس دەکات کە سەبارەت بەو بەرکەوتووانەی کە لە ئیسپانیادا پشکنینیان بۆ کراوە، ژنێک نیشانەی هەبووە و لەگەڵ ئەو ژنەدا بووە کە بە ڤایرۆسی هانتا گیانی لەدەستدا، لە پشکنینی یەکەمی پی سی ئاڕیدا ئەنجامی ڤایرۆسەکە نێگەتیڤ دەرچووە واتە کەسەکە تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە و لەماوەی 24 کاژێری داهاتووشدا پشکنینی دووەمیمان بەدەستدەگات بۆ زیاتر دڵنیابوون.
 
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەگاتە ئیسپانیا بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی سەرنشینانی کەشتییەک کە ڤایرۆسی "هانتا"ی تێدا بڵاوبووەتەوە. حکومەتی ئیسپانیاش دەڵێت، رێڕەوێکی جیاکراوە بۆ گواستنەوەی گەشتیاران بەرەو فڕۆکەخانە ئامادە کراوە.
 
رۆژی شەممە، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) گەیشتە دوورگەی تێنێریفی لە ئیسپانیا. ئامانجی گەشتەکەی تێدرۆس سەرپەرشتیکردنی گواستنەوەی سەرنشینانی کەشتیی گەشتیاریی (MV Hondius)ـە و هەوڵیش دەدات جیهان و دانیشتووانی ناوچەکە دڵنیا بکاتەوە، کە ئەمە پەتایەکی نوێی وەک "کۆرۆنا" نییە و مەترسییەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
 
مەترسیی ڤایرۆسی 'ئەندێز' چییە؟
 
ئەوەی بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی نێودەوڵەتی، پشتڕاستکردنەوەی جۆری "ئەندێز" (Andes virus)ـە لەنێو تووشبووەکاندا؛ ئەمە تاکە جۆری ڤایرۆسی هانتایە کە دەتوانێت لە "مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ" بگوازرێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا سێ کەس لەناو کەشتییەکەدا گیانیان لەدەستداوە، لەناو کەشتییەکەدا 150 کەس هەن کە هەڵگری 23 رەگەزنامەی جیاوازن.