د. یادگار میرزا: نیشانەکانی هەنتاڤایرۆس لە کۆرۆنا دەچن و ڤاکسینی نییە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە رایگەیاند، نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی "هانتا" لە نیشانەکانی کۆرۆنا و ئەنفلەوەنزا دەچن، هاوکات جەختیکردەوە کە هیچ ڤاکسینێک بۆ ئەم نەخۆشییە بەردەست نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-5-2026 د. یادگار میرزا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە بوڵتەنی تەندروستی ئاماژەی بەوەدا نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە تایەکی بەهێز، سەرئێشە، سکئێشە، سکچوون و رشانەوە، نیشانە تووندەکانی وەک ئازاری ماسولکە و تەنگەنەفەسی لە قۆناخی دووەمی نەخۆشییەکەدا دەردەکەون.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، نیشانەکانی تووشبوون بە هەنتاڤایرۆس لە ماوەی هەفتەیەک بۆ چوار هەفتەدا دەردەکەون.
لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، د. یادگار میرزا روونیکردەوە، "گواستنەوەی هەنتاڤایرۆس لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ زۆر کەمە." سەبارەت بە چارەسەریش، جەختیکردەوە کە "هیچ ڤاکسینێک بۆ چارەسەریی هەنتاڤایرۆس نییە."
د. یادگار میرزا هۆشداریدا کە "خانمانی دووگیان، ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، منداڵان و کەسانی بەساڵاچوو مەترسییان لەسەرە ئەگەر ئەو ڤایرۆسە بگرن." وەک رێکارێکی خۆپارێزیش، پێشنیازی کرد "ئەگەر گومانکرا کەسێک تووشی هەنتاڤایرۆس بووە، پێویستە کەرەنتین بکرێت."