د. زانا حەمید: هەنتاڤایرۆس وەک کۆرۆنا نییە و لە عێراق تۆمار نەکراوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ڤایرۆسزانی لەبارەی ڤایرۆسی هانتاوە رایدەگەیەنێت، ئەم ڤایرۆسە وەک کۆرۆنا نییە و جیاوازییەکی زۆریان هەیە، چ لە شێوازی بڵاوبوونەوە و چ لە شوێنی بڵاوبوونەوەیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-5-2026 د. زانا حەمید، پسپۆڕی ڤایرۆسزانی لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "هەنتاڤایرۆس لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە، ئەو گەشتیارانەی کە لەسەر کەشتییە گەشتیارییەکە تووشبوون، بەهۆی قرتێنەرەکانەوە تووشی ڤایرۆسەکە بوون بەڵام لەوانەیە درەنگتر نیشانەکانیان تێدا دەرکەوتبێت."
ئەو پسپۆڕەی ڤایرۆسزانی ئاماژەی بەوەشکرد، "نیشانەی هەنتاڤایرۆس لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت و بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، بەڵام بڵاوبوونەوەی وەک کۆرۆنا نزیکە لە ئەستەمەوە."
د. زانا حەمید باسی جۆرەکانی ڤایرۆسەکە دەکات و دەڵێت: "ئەو جۆرەی هەنتاڤایرۆس کە هێرش دەکاتە سەر سییەکان جۆرە ئەمریکییەکەیە، ئەوەی هێرش دەکاتە سەر گورچیلەکان جۆری ئەوروپییەکەیەتی."
سەرچاوەی ڤایرۆسەکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ قرتێنەرەکان و دەڵێت: "هەنتاڤایرۆس تەنیا لەنێو جەستەی قرتێنەرەکاندا دەژین، بەڵام تووشی نەخۆشییان ناکات."
لەبارەی بوونی ڤایرۆسەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، د. زانا حەمید دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "هەتاوەکو ئێستا ئەو ڤایرۆسە لە عێراق تۆمار نەکراوە."
لە کۆتاییدا، ئەو پسپۆڕە پێشنیازی کرد کە "پێویستە هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی بە تای خوێنبەربوون بدات."