پزیشکێکی دەرمانساز بە هەموو شێوەیەک رەتی دەکاتەوە AI بۆ راوێژی پزیشكی بەکاربێت

رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی دەرمانساز و شارەزای بواری ژیریی دەستکرد رایدەگەیێنێت، ژیریی دەستکرد لە وەڵامدانەوەی پرسیارە زانستی و پزیشکییەکان هێشتا جێگەی پزیشک ناگرێتەوە و نابێت پشتی پێ ببەسترێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 10-6-2025 دکتۆر عەبدوڵڵا لوقمان، دەرمانساز و شارەزای AI لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی، بەشێکی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد لە وەڵام دانەوەی ژیرییەکەیان ئەوەیان داناوە کە بەکارهێنەران بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان پشت بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو ببەستن.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا لوقمان دەڵێت: هاونیشتمانییانی ئاسایی باشترە ژیریی دەستکرد بۆ پرسە گشتییەکان بەکاربهێنێت، نەک بۆ دەستنیشانکردنی دەرمان و جۆری نەخۆشییەکە.
 
زەکەریا سەلمان، قۆناخی دووی کۆلێژی ئەندازیاری بوو لە زانکۆی سەڵاحەدین، کەسوکارەکەی دەڵێن، هەستی بە ئازارێک کردووە و راوێژی بە ژیریی دەستکرد AI کردووە، ئەویش دەرمانێکی بۆ پێشنیاز کردووە. دوای خواردنی دەرمانەکە، زەکەریا تەندروستیی تێکچووە و دوای چەند کاژێرێک گیانی لەدەستدا.
 
شاهۆ ئەمین وردەکاری، ورد و درشتی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کوڕەی دوای بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد گیانی لەدەستدا ئاشکرا دەکات.
 
لە پۆدکاستی نەخۆشنامە بەم شێوەیە باسی ژیریی دەستکرد کرا لەبواری پزیشکی.