دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا: دەکرێت هۆکاری هەوکردنی پەردەی مێشک و سکچوون هەمان ڤایرۆس بن

رووداو - تەندروستی 

ژمارەی تووشبووانی هەوکردنی پەردەی مێشک کەمبووەتەوە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەڵێت: ئێستا رۆژانە یەک یاخود دوو تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆماردەکرێت.
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی تایبەت بە رووداوی راگەیاند، رۆژانە نزیکەی 700 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان دەکەن کە نزیکەی 400ـیان سکچوون و رشانەوەیان هەیە. 
 
لەبارەی ئامارەکانی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە دکتۆر پشدەر گوتی، ئێستا ژمارەکە زۆر کەمبووەتەوە، بەجۆرێک رۆژانە یەک یاخود دوو تووشبوو تۆماردەکرێن.
 
بەڕێوەبەرەکەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئاشکرای دەکات، هۆکاری هەوکردنی پەردەی مێشک و سکچوون ڤایرۆسێکە بەناوی ئینتیرۆ ڤایرۆس کە گوماندەکرێت لە ئاوی پیسبووەوە سەری هەڵدابێت.
 
هەروەها بە گرنگی دەزانێت کە لەکۆگاکان دەرمان هەبێت بۆئەوەی رۆژانە بیدەن بە نەخۆشەکان و دووچاری ئاڵنگاریی نەبوونی دەرمان نەبنەوە.