بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجە: باری دەروونی و دارایی کارمەندەکانمان لە ئاستەنگیدایە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، سەرەڕای قورسیی باری دارایی و دواکەوتنی مووچە، کارمەندەکانمان بەردەوامن لە کارکردن و کارەکانمان نەوەستاون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-7-2025 د. هودا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی بایکۆتی نەخۆشخانەکانی دەوروبەری هەڵەبجە، گوشاری زیاتر کەوتووەتە سەر نەخۆشخانەکە و ژمارەی سەردانکەران نیوئەوەندە زیاد بووە.
د. هودا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، تواناکانیان سنووردارن و ئەگەر بەو شێوەیە گوشارەکە بەردەوام بێت، رەنگ نییە بتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.
ماوەی دوو هەفتەیە بەشێک لە نەخۆشخانەکانی سەیدسادق و شارەزوور بایکۆتی دەوامیان کردووە، تەنیا بەشی راوێژکاری لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت بایکۆتی شکاندووە، بەڵام بەشی ددان و منداڵبوونی نەخۆشخانەکە هەر لە بایکۆتە، هەروەها لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزووریش هەر بایکۆت هەیە و تەنیا حاڵەتە فریاگوزارییەکان وەردەگیرێن.