دەرزییەک جێگەی چەندان دەرمانی دەنکۆڵەی پارکینسن دەگرێتەوە
رووداو - تەندروستی
لە داهێنانی نوێدا توێژەرانی ئوسترالیا دەرزییەک دروست دەکەن کە تایبەتە بە تووشبووانی نەخۆشیی پارکینسن بۆ ئەوەی لە دەنکۆڵە دووریان بخاتەوە. پسپۆڕان دەڵێن، ئەوە ژیانی ملیۆنان تووشبوو باشتر دەکات.
لە ئوسترالیا توێژینەوە لەسەر دەرزییەکە بۆ تووشبووانی پارکینسن دوو ساڵە بەردەوامە و ئامانج ئەوەیە کە لەبری بەکارهێنانی درێژخایەنی دەرمانی رۆژانەی دەنکۆڵە بۆ باشترکردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، بە دەرزییەکی هەفتانەیی ئەو کارە بکرێت.
دیپا ناکمۆد، توێژەرێکی دەرزییەکەیە لە زانکۆی ساوز ئوسترالیا دەڵێت: ئەم دەرزییە بۆ تووشبووانی بەساڵاچووی پارکینسن باشە، چونکە دەبێت هەمیشە کاتی دەرمانەکانیان لەیاد بێت و لەکاتی خۆیدا بیخۆن، بەڵام دەرزییەکە کۆتایی بەمە دێنێت.
بەگوتەی پسپۆڕێکی هەمان زانکۆ، 50٪ـی تووشبووانی پارکینسن دەرمانەکان بەپێی رێنوێنیی پزیشکەکەیان وەرناگرن، چونکە دەبێت بە بەردەوام و لەکاتی جیاوازدا وەری بگرن، ئەم دەرزییە نوێیەش چەند دەرمانێکی تێدایە کە بەیەکەوە تێکەڵ دەکرێن و لەبری ئەو هەموو دەنکۆڵە جیا جیایەی نەخۆشییەکە، تەنیا یەک دەرزی بەکاردێت.
بەگوێرەی دامەزراوەی پارکینسن، لە جیهاندا زیاتر لە 10 ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکە هەن، ئەم داهێنانە تیۆرییە و نەچووەتە واری جێبەجێکردن، کە لێکۆڵەران بەنیازن لە داهاتووی نزیکدا، لەسەر ئاژەڵ تاقیبکەنەوە.
بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، پارکینسن نەخۆشییەکە کە دەمارەخانەکانی کەسی تووشبوو دەپووکێنەوە، بەهۆی ئەوەی ئاستی دۆپامین لە جەستەدا کەم دەبێتەوە یاخود نامێنێت، باوترین نیشانەشی بریتییە لە 'پووکانەوە ماسوولکەکان، لەرزین، ناڕێکیی جووڵە و بیرکردنەوە و تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی'.