پزیشکێک: لەناکاو دابەزینی کێشی جەستە نیشانەی نەخۆشییە
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی گشتی هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان لەبارەی دابەزینی لەناکاوی کێشی جەستە و دەڵێت: لەناکاو دابەزینی کێشی جەستە بێ هیچ هۆکارێک و رێژیمێک لەوانەیە نیشانەی هەندێک نەخۆشی بێت.
دکتۆر دانا کازم، پزیشکی گشتی رایدەگەیێنێت، هەرچەندە دابەزینی کێشی جەستە زۆرجار بە شتێکی باش دێتە بەرچاو، بەڵام هەندێکجار مەترسیدارە و پێویستە چارەسەری خێرای پزیشکی بۆ بکرێت.
بەگوتەی ئەو پزیشکە، راپۆرتێکی ناوەندی پزیشکیی مایۆکلینیک باس لەوە دەکات، دابەزینی زیاتر لە 5٪ـی کێشی جەستە واتا ئەگەر کەسێک 70 کیلۆگرام بێت نابێت زیاتر لە 3.5 کیلۆگرام لە کێشی لەماوەی کەمتر لە 6 بۆ 12 مانگ داببەزێت، چونکە دەشێت هۆکاری نەخۆشی بێت و پێویستە کەسەکە سەردانی پزیشک بکات.
هەروەها هۆکارە باوەکانی دابەزینی لەناکاوی کێشی جەستەش باس دەکات وەکو؛
- تێکچوونی کاری کۆئەندامی هەرس
- زیادکارابوونی رژێنی دەرەقی (غودە)
- هەوکردنی درێژخایەن
- نەخۆشیی شەکرە
- تێکچوونی باری دەروونی و هۆشداری
- هەندێکجار شێرپەنجە
لە کۆتاییدا گوتی، ''ئەگەر ئەوە تێبینی کرا ئەوا باشترە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت''.