زانکۆیەکی کۆریای باشوور داهێنانێک پێشکێش بەوانە دەکات کە لە دەرزی دەترسن

رووداو - تەندروستی

زانکۆی چونک ئانگ لە کۆریای باشوور رایدەگەیێنێت، بە سوودوەرگرتن لە شێوازی پێوەدانی هەنگ، جۆرە پارچەیەکی پزیشکییان بە ناوی "microneedle patch" دروستکردووە کە دەرمان بەبێ ئازار دەگەیێنێتە جەستە و رەنگە لە داهاتوودا ببێتە جێگرەوەی دەرزی.
 
زانکۆی چونک ئانگ لە کۆریای باشوور ئاماژە بەوەدەکات، ئەم پارچە لەزگەیە کە ناسراوە بە 'پاچ' لە ژمارەیەکی زۆر دەرزیی زۆر ورد پێکهاتووە، کە هاوشێوەی دەرزیی پێوەدانی هەنگن، کاتێک پاچەکە لەسەر پێست دادەنرێت، دەرزییەکان بەبێ ئەوەی ئازار دروست بکەن، دەچنە ناو پێستەوە و دەرمانەکە دەگەیێننە سووڕی خوێن.
 
زانکۆکە جەخت دەکاتەوە یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم تەکنیکە ئەوەیە کە دەرزییەکان دوای چوونە نێو پێستەوە دەئاوسێن و دەرمانەکە بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو ئازاد دەکەن، ئەمەش وادەکات کاریگەریی دەرمانەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر بمێنێتەوە.
 
د. سۆهی جیۆن، پزیشکی دەرمانساز دەڵێت: "ئەم داهێنانە دەتوانێت شۆڕشێک لە بواری گەیاندنی دەرماندا دروست بکات، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە ترسیان لە دەرزی هەیە یان پێویستیان بە وەرگرتنی دەرمانی بەردەوام هەیە".
 
زانکۆکەی وڵاتی کۆریای باشوور جەختی کردەوە، ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانرێت بۆ گەیاندنی جۆرەها دەرمان بەکاربهێندرێت، لەوانە ڤاکسینەکان، ئینسۆلین بۆ نەخۆشانی شەکرە، و چارەسەرەکانی شێرپەنجە.