لە بەریتانیا بۆ یەکەمجار خوێنی دەستکرد بۆ مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە توێژەرانی بەریتانی خوێنی دەستکردی گەشەپێکراوی تاقیگەییان گواستەوە بۆ کەسێکی ئاسایی بۆ بەراوردکردنی مانەوەی خانەکانی خوێنی دەستکرد لەگەڵ خوێنی ئاسایی بۆ ئەوەی بزانن خانەکانی خوێنە دەستکردەکە تاوەکو چەند لەجەستەدا چالاکن.
خرۆکە سوورە دەستکردەکانی خوێن بۆ دوو کەس گواستراوەتەوە، بەجۆرێک 5 تاوەکو 10 ملیلیتر خوێنیان وەرگرتووە و لەلایەن چەندین رێکخراو و زانکۆی تەندروستیی بەریتانیاوە چاودێری دەکرێن.
دکتۆر ئاشلی تۆی، لە زانکۆی بریستۆڵی بەریتانی دەڵێت: ''دروستکردنی خانەکانی خوێن هەنگاوێکی گەورەیە، بەڵام دەبێت بزانین خانەکان تا چەند توانای مانەوەیان هەیە و دەبێت چاوەڕوانی کۆتایی تاقیکردنەوەکە بکەین.''
پرۆفیسۆر کێدریک چیڤێرت، راوێژکاری نەخۆشییەکانی خوێن لە زانکۆی کامبریچ دەڵێت: ''هیوادارین خڕۆکە سوورەکانی خوێنی دەستکرد زیاتر بمێننەوە لە خوێنی ئاسایی.''
پرۆفیسۆر کێدریک سەبارەت بە گرنگی تاقیکردنەوەکە دەڵێت: ''ئەگەر سەلمێندرا ئەنجامەکان ئەرێنی و کاریگەرن، ئەوا خوێنی دەستکرد شۆڕشێکی گەورەی پزیشکی بەرپا دەکات لە چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی گیرۆدەی نەخۆشییەکانی خوێنن بە تایبەت تووشبووانی تالاسیمیا.''