نهێنییە تەندروستییەکانی شارۆخانی 60 ساڵ بزانە؛ ''دڵم هێشتا گەنجە''
رووداو - تەندروستی
شارۆخان، ئەستێرەی دیاری بۆڵیوود تەمەنی ئێستای 60 ساڵە و لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: تەمەن بەندە بە لایەنی دەروونییەوە و ئێستاش دڵێکی گەنجم هەیە.
شارۆخان، ئەستێرەی فیلمە هیندییەکان سەرەتای ئەم مانگە تەمەنی بووە 60 ساڵ و لە وەڵامی هەوادارێکیدا لەبارەی نهێنیی بەگەنجی مانەوەی ئاشکرای دەکات، ''دڵم گەنجە، بۆیە بەگەنجی ماومەتەوە، هەرچەندە بەشێکی زۆر لە چاوی بینەردا وادیارە کە گەنجم''.
شارۆخان پێی وایە، گەنجی بەندە بە دۆخی دەروونیی کەسەکانەوە و بە پاراستنی لایەنی دەروونی و خۆشگوزەرانی، هەمیشە تاک وزە و رواڵەتێکی گەنجی دەبێت، هەرچەندە ئەگەر تەمەنیشی لە هەڵکشان بێت.
بەگوێرەی سەرچاوە هیندی و تەندروستییەکانی نزیک لەو ئەکتەرە، ئەمانەی خوارەوە بەشێکی گرنگی شێوازی ژیانی شارۆخانن؛
پابەندبوون بە رێژیمێکی تووندی خۆراکی
شارۆخان رایگەیاندووە، رۆژانە تەنیا دوو ژەم دەخوات و زۆرترین خۆراکەکانیشی هی ماڵەوەن، پاشانیش بڕێکی زۆر لە خۆراکە پڕۆتینییەکان و سەوزەکانیش دەخوات. خۆراکە دڵخوازەکانی بریتین لە (مریشک، جەرجیل، برۆکلی، نیسک، ماسی، هێلکەی کوڵاو، بریانی و گۆشتی سوور هی بەرخ).
لە چاوپێکەوتنێکدا ئەوەی گوت کە پێش رۆڵبینین و تۆمارکردنی فیلمەکانی بەتەواوی خۆی لە برنج، شەکر و نان بەدوور دەگرێت.
بەردەوامبوون لەسەر وەرزشی رۆژانە
پراشانت ساوانت، راهێنەری کەسیی شارۆخان دەڵێت: نهێنیی لەشجوانیی شارۆخان جگە لە جۆری راهێنان و رێژیمە خۆراکییەکەی، رژدبوونە لەسەر بەردەوامییەکەی. ئەو دەشڵێت ''هەرگیز رۆژێک بەبێ وەرزش بەڕێ ناکات و ئەگەر تۆمارکردنیشی هەبێت، تا راهێنان نەکات، ناخەوێت''. ئەوەش باس دەکات، راهێنانەکانی شارۆخان هی بەهێزکردنی ماسوولکە و جومگەکانن نەک کاردیۆ.
پاراستنی دەرووندروستی
شارۆخان بەوە ناسراوە کە کەسێکی دەرووندروستە و خۆشی گوتویەتی، ''وەرزش تەنیا ئامرازێک نییە بۆ جەستەیەکی بەهێز، بەڵکو رێگەیەکە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی دەروون و ناخ''. هەروەها زۆریش بایەخ بە وەرزشەکانی خۆخاوکردنەوە (مێدیتەیشن) دەدات.