سەنتەری شووشتنی گورچیلە لە هەڵەبجە بە فەرمی نەکراوەتەوە و ژیانی نەخۆشەکانی لە مەترسیدایە

رووداو - تەندروستی

بەرپرسێکی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەوەی سەنتەری شووشتنی گورچیلە لە پارێزگاکە بە فەرمی نەکراوەتەوە، کێشەی کەمیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان هەیە و مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دروستبووە.
 
تەحسین کەریم، بەڕێوەبەری سەنتەری گورچیلە لە هەڵەبجە راگەیاند، ئامێرەکانی سەنتەرەکەیان کۆنن و بەهۆیەوە ئەو نەخۆشانەی لە ناوچەکانی دیکەوە سەردانیان دەکەن، وەک پێویست سوودی لێ نابینن.
 
بە گوتەی تەحسین کەریم، مانگانە 100 بۆ 110 هاونیشتمانی پێویستیان بە دەرمانی پەیوەست بە گورچیلەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەنتەرەکە بە فەرمی نەکراوەتەوە، هەموو مانگێک 2 بۆ 3 جۆر دەرمانیان کەمە و پێیان ناگات.
 
بەڕێوەبەری سەنتەری گورچیلە لە هەڵەبجە دەڵێت، "ئەمڕۆ دەبێت لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی تەکسییەوە چەند فلتەرێکمان بەدەست بگات، بەڵام ئەگەر تاوەکو کاژێر 2ـی پاشنیوەڕۆ تەکسییەکە نەگات، ئەوا مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانی 2 بۆ 3 هاونیشتمانی."