تیمی تەندروستی بۆ مانگرتووان: دۆخی تەندروستیتان خراپتر دەبێت و مانگرتنەکەتان بشکێنن
رووداو - تەندروستی
تیمی تەندروستیی چاودێریکردنی مانگرتووان رایدەگەیێنن، مانگرتووان لێکەوتی مەترسیداریان لەسەر دەرکەوتووە و بەردەوامبوونیان لە مانگرتن ئەگەری وەستانی دڵ لە هەندێکیاندا زیاددەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 11-2-2025 د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، لێکەوتی مەترسیدار لەسەر دۆخی تەندروستیی مانگرتووان بینراون و رۆژ بە رۆژ دۆخی تەندروستییان خراپتر دەبێت.
بەگوتەی د. ئەژین هاشم، پسپۆڕ و ئەندامێکی تیمی تەندروستی بۆ چاودێریی مانگرتووان، جەستەی مانگرتووان لاوازبووە و هەندێک لە لێکەوتە مەترسیدارەکانیان لەسەر دەرکەوتووە وەکو؛ خوێنبەربوون و پەککەوتنی جگەر، لاوازبوونی گورچیلە و ماسوولکەکانیان.
د. ئەژین هاشم هۆشداری دەدات کە دەشێت لەناکاو مانگرتووان تووشی وەستانی لەناکاوی دڵ ببن بەهۆی پەککەوتنی ماسوولکەکانی دڵیان.
هەر بۆیە ئەو تیمە داوایان لە مانگرتووان کرد کە مانگرتن بشکێنن.