ئەمڕۆ کۆنفرانسی زانستیی پزیشکیی کوردستان دەکرێتەوە؛ ژیریی دەستکرد مژاری سەرەکییە
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ کۆنفرانسی زانستیی پزیشکیی کوردستان دەکرێتەوە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، ژیریی دەستکرد و باشترکردنی تەندروستیی خانمان دوو مژاری سەرەکیی کۆنفرانسەکە دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-2-2026 گۆڤار حارس، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی زانکۆی کوردستان لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداودا رایگەیاند، توێژەر و قسەکەرەکان لەنێوخۆی و وڵاتانی بیانییەوە دێن و ناونیشانی ئەم ساڵ ''کواڵیتیی پەروەردەی پزیشکی بۆ خزمەتی کۆمەڵگە''ـیە.
لەبارەی ئامانج لەو ناونیشانەیان گۆڤار حارس روونی دەکاتەوە، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی نێو کۆنفرانسەکە ژیریی دەستکردە و باسی هۆشیاری لە بەکارهێنان و چۆنیەتیی لێکدانەوەی لەبارەوە دەکرێت. ئەوەش گرنگە کە هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی ژیریی دەستکرد وەکو فاکتەرێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە بەکاربێت.
بەگوتەی گۆڤار حارس، ئێستا لە زانکۆی کوردستان بەشی ژیریی دەستکرد و سایبەر سیکیوریتی کراونەتەوە و بە دوو بەشی سەردەمی ناوی بردن، ئەوەشی باس کرد کە قوتابییانی زۆر حەزیان لەو بەشەیە و دەرچووەکانی ئەو دوو بەشە لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات پشکی شێریان بەرکەوتووە لە زانست و زانیارییەکی باش.
کۆنفرانسەکە لە 11ـی شوبات تاوەکو 13ـی شوبات بەردەوام دەبێت و سەتان پزیشک و خوێندکاری پزیشکی بە هاوئاهەنگی پسپۆڕانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بەشدارن لە وۆرکشۆپ، پانێڵ، دیبەیت و پێشکێشکردنەکانیان.