یونیسێف: بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ئێران، نزیکەی 180 منداڵ کوژراون
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف)، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە کاریگەرییە کوشندەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل بەرامبەر ئێران دەربڕی.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی یونیسێف، لەئەنجامی هێرشەکان بۆ سەر ئێران نزیکەی 180 منداڵ کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، لەنێو قوربانییەکاندا 168 کچ هەن کە لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر قوتابخانەی کچانی شەجەرەی تەیبە لە میناب لە باشووری ئێران لە 28ـی شوباتدا کوژراون.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرینەی ئەوانەی کوژراون، منداڵانی قوتابخانە بوون لەنێوان تەمەنی 7 بۆ 12 ساڵان، سەرەڕای ئەوەش 12 منداڵی دیکە لە قوتابخانەکانی دیکە لە پێنج شوێنی جیاوازی ئێراندا کوژراون.
هەروەها لە راپۆرتەکەی یونیسێفدا هاتووە، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان، لانیکەم 20 قوتابخانە و 10 نەخۆشخانە لە ئێران زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش دەستڕاگەیشتنی منداڵانی بە خوێندن و خزمەتگوزارییە تەندروستییە گرنگەکان پەکخستووە.
یونیسێف بەپەلە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە پابەندی ئەرکەکانیان بن بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی خەڵکی سڤیل مسۆگەر بکەن، رێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە، "بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، ژیان و تەندروستیی منداڵان دەبێت هەمیشە پارێزراو بێت."
رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەکی جیهانی بۆ پاراستنی منداڵان لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دەبێت کۆتایی بە هێرشکردنە سەر منداڵان و ئەو خزمەتگوزارییانە بهێنرێت کە پشتی پێدەبەستن."
یونیسێف، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە شەڕەکاندا منداڵان دەکرێنە ئامانج، رێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکرێت و هێرش دەکرێتە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، ئەمەش وایکردووە ملیۆنان منداڵ رووبەڕووی بەدخۆراکیی توند و نەخۆشیی کوشندە ببنەوە بەهۆی نەبوونی ئاوی پاک و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان.
هەروەها یونیسێف داوا لە وڵاتان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو لایەنە کاریگەرەکان دەکات کە بکەرانی تاوانەکان دژی منداڵان رووبەڕووی لێپرسینەوە بکەنەوە، جەختیشی کردەوە لەسەر زیادکردنی پاراستن و یارمەتیدانی منداڵان بۆ ئەوەی لە کاریگەرییە دەروونییەکانی شەڕ چاکببنەوە.
لە کۆتاییدا، رێکخراوەکە داوای لە هەموو جیهان کرد کە کار بۆ ئاشتییەکی گشتگیر و بەردەوام بکەن و دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە بۆ داواکردنی پاراستنی مافی منداڵان لە کاتی شەڕدا.