چیرۆکی خانمێک؛ بەهۆی دەرمانێکی گیایی دژەقەڵەوییەوە جگەری لەکارکەوت و مرد!
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر لە سلێمانی چیرۆکی نەخۆشێک باس دەکات کە بەهۆی زۆربەکارهێنانی دەرمانێکی بەناو گیاییەوە، جگەری لەکارکەوتووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
د. رۆزا ماکوان موڕادخان، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر چیرۆکەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە بەسەر خانمێکی 40 ساڵاندا هاتووە. تاکە رێگەی چارەسەری پەککەوتنی جگەریش، چاندنی جگەرە کە ئەمە پڕۆسەیەکی تەواو ئاڵۆز و تاقەتپڕوکێنە.
د. رۆزا ماکوان موڕادخان دەڵێت: زۆرترین هۆکار بۆ پەککەوتنی جگەر، زۆربەکارهێنانی دەرمان و گیادەرمانییەکانە، بەتایبەت ئەو بڕەی کە دەرمانەکان بۆی دانراوە دەبێت بەپێی رێنوێنیی پزیشک پابەندبوون هەبێت و نابێت نە بە زیاد و نە بە کەم.
هەروەها گوتی، ''ئامانجم ئەوەیە کە هاونیشتمانییان نابێت بەگوێی رێکلام و ئەو شوێنانە بکەن کە بە نازانستی دەرمان دەفرۆشن و بە ناوی ''دەرمانی سرووشتییەوە''، دەرمان بەسەر خەڵکدا ساخ دەکەنەوە''.
دەقی چیرۆکەکە بخوێنەرەوە
رووداو: ئەو نەخۆشەمان بۆ باس بکە کە جگەری لەکارکەوت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا؟
د. رۆزا ماکوان: لەکاتی دەوامکردنم لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەر کە ئەوکات پزیشکی پایەبڵند بووم بۆ پسپۆڕییەکەم، ئەو کەیسەمان بینی کە خانمێکی 40 ساڵ بوو و هیچ کێشەیەکی تەندروستیشی نەبوو، بەڵام دەرمانێکی بەکارهێنابوو کە گوایە ''پێکهاتەکانی سرووشتین'' و پێی گوترابوو کە ''بۆماوەی دوو هەفتە کێشی دادەبەزێنێت''، بەڵام ئەو هەر بەکاری هێنابوو و لەناکاو تووشی زەردووییەکی تووند بووبوو، بەهۆیەوە هێنرابووە نەخۆشخانە و پزیشکی پسپۆڕ بڕیاری خەواندنی بۆ دا، بەڵام نەخۆشەکە پێی نەگوتین کە ئەو دەرمانەی بەکارهێناوە. دواتر کاتێک لە پشکنینەکانی هیچ هۆکارێکی نامۆ دەرنەچوو، ئیدی دواجار ئەو خانمە گوتی کە دەرمانێکی وای بەکارهێناوە و لەبەر ئەوەی پێی وابووە (سرووشتییە) بۆیە باسی نەکردووە. پشکنینی وردی دیکەمان بۆ کرد و دەرکەوت، بەداخەوە نەک تەنیا هەوکردنی جگەر، بەڵکو تووشی پەککەوتنی جگەریش بووە کە حاڵەتێکە جگەر هەموو فەرمانەکانی لەدەستدەدات و تەنیا چارەسەریش چاندنی جگەرە. بەداخەوە ئەو نەخۆشە لەکاتی ئامادەکاری بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوە وڵات بۆ چاندنی جگەر، دۆخی تەندروستیی تێکدەچێت و جگەری بە تەواوی لەکاردەکەوێت، هەر بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
رووداو: چۆن دەشێت بڕێکی کەمی گیادەرمان بۆ کێشدابەزاندن، جگەر لەکاربکەوێت؟
د. رۆزا ماکوان: هەموو دەرمان، گیادەرمان، تەواوکەری خۆراکی و هۆڕمۆن و هەر مادەیەک کە دەچێتە نێو جەستە لەڕێگەی جگەرەوە پاڵاوتنی بۆ دەکرێت. زۆرینەی دەرمانەکانیش لەڕێگەی جگەرەوە دەپاڵێورێن، ئەگەر بڕی زیاتریان لێ بەکاربهێندرێت، جگەر ئازار دەدات. یاخود هەندێکجار جگەر هەستیاری بەرامبەر بە دەرمانەکە دروستدەکات و راستەوخۆ پەکی دەکەوێت کە دەرمانە گیاییەکان زۆرجار بەم شێوەیەن تەنانەت ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بەکاربێن.
رووداو: گیادەرمانییەکان چۆن بەکاربێن بۆ ئەوەی زیان بە جەستە نەگەیێنن؟
د. رۆزا ماکوان: بۆ ئەوەی گیادەرمانییەکان بە دروستی بەکاربهێندرێت پێویستە بزاندرێت، دەرمانەکە چۆن دروستکراوە، چی تێدایە، زانست چی دەڵێت لەسەری. بەڵام زۆرینەی ئەو دەرمانانە هیچیان لەسەر نازاندرێت و ئێمەی پزیشک ناتوانین بە هیچ کەسێک بڵێین، بەکاریان بهێنن.
رووداو: بە چ نیشانەیەک بزاندرێت کە جگەر کێشەی تێدایە و کەسەکە بچێتە لای پزیشک؟
د. رۆزا ماکوان: زۆرجار نیشانەکانی هەوکردنی جگەر گشتین و دەکرێت ئەمانە بن؛
- بێهێزی
- نەمانی ئارەزووی خواردن
- زەردوویی
- خوران لەگەڵ زەردووییەکەدا
- تۆخبوونی رەنگی میز (قاوەیی)
- کاڵبوونەوەی رەنگی پیسایی
رووداو: زۆرترین ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی پەککەوتنی جگەر چین؟
د. رۆزا ماکوان: زۆرترین هۆکار بۆ پەککەوتنی جگەر، زۆربەکارهێنانی دەرمان و گیادەرمانییەکانە، بەتایبەت ئەو بڕەی کە بۆ دەرمانەکان دانراوە دەبێت بەپێی رێنوێنیی پزیشک پابەندبوون هەبێت و نابێت زیاد و کەمیان پێبکرێت و بڕەکەیان دەستکاری بکرێت. هاونیشتمانییان نابێت بەگوێی رێکلام و ئەو شوێنانە بکەن کە بە نازانستی دەرمان دەفرۆشن و بە ناوی ''دەرمانی سرووشتییەوە''، دەرمان بەسەر خەڵکدا ساخ دەکەنەوە.